دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

گۆتێرێس: كورد پێكهاتەیەكی سەرەكی سوریایە

هەرێم نیوز 

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، كورد پێكهاتەیەكی سەرەكی سوریایە، دەشڵێت، "دەبێت وەك هاوڵاتی خاوەن ماف و ئەركی یەكسان مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت "

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، لە پەراوێزی لوتکەی عەرەبی كە لە بەغدادی پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو، رایگەیاند، کورد بەشێکی سەرەكی تەونی نیشتمانی سوریا پێکدەهێنێت، داواشیکرد وەک هاوڵاتی خاوەن ماف و ئەرکی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

گۆتێرێس وتیشی: زۆرینەيەكی کوردی لە سوریا هەیە، ئەوانیش بەشێکن لە گەلی سوریا، کاتێک لە ساڵانی رابردوودا لەگەڵ حکومەتی سوریا قسەم کرد، جەختمکردەوە لەسەر پێویستی کارکردن لەگەڵ کورد وەک هاوڵاتی سوریا.

گۆتێرێس، پێداگریكرد لەوەی دەبێت هەموو پێکهاتەکانی ناو سوریا لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا بەشدار بن، هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریاشی بە رێگە خۆشكەر ناوبرد بۆ پێشهاتە ئەرێنییەکان لە سەر ئاستی سیاسی و مرۆیی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP