دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد

هەرێم نیوز 

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووه‌.

ئەوەش هاتووە، لاڤرۆڤ و ڕوبیۆ باسیان لە ئەنجامی دانوستانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستانبوڵ و پەیوەندییەکانی نێوانیان و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە ناوچەکە کردووە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، مارکۆ ڕوبیۆ پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا كردووه‌ بۆ ئاڵوگۆڕی دیله‌كان و ئامادەکردنی لیستێک لە مەرجەکان لەلایەن ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتیشی کردەوە، واشنتن بۆ سەقامگیری و ڕێککەوتن ئامادەی هەموو هاوکارییەکە.

هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، بەهۆی هاندانی کیێڤ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و ڕازیبوون بە پێشنیازەکەی ڤلادیمێر پوتن، ستایشی ڕۆڵە بونیاتنەرەکەی ئەمەریکای کرد. جەختیشی کردووەته‌وه‌، ڕووسیا لەسەر ئەو پرسە ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکا کار بکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەینی 16ـی ئایاری 2025، دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، کە نزیکەی کاتژمێرێک و 40 خولەکی خایاند.

دانوستانەکان بە سەرپەرشتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە بەڕێوە چوو، کە ڤلادیمێر مەدینسکی، ڕاوێژکاری پوتن، سەرۆکایەتیی شاندی ڕووسیا و ڕۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، سەرۆکایەتیی شاندی ئۆکرانیایان دەکرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP