هەرێم نیوز
پارێزگاری دهۆک داوا لە پەکەکە دەکات پارێزگاکە چۆڵ بکەن، کە بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و چەکدارانی پەکەکەوە 30لەسەدی گوندەکان زیانیان بەرکەوتووە. دەشڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی ململانێی چەکداریی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، پارێزگای دهۆک زۆرترین زیانی بەرکەوتوە و نزیکەی 30%ی گوندەکانی پارێزگاکە وێران کراون و بەتەواوی چۆڵکراون، هۆی سەرەکی نەگەڕانەوەی دانیشتوانیش بۆ ناوچەکانیان سیاسەتەکانی پەکەکەیە.
دەشڵێت. داوا لە چەکدارانی پەکەکە دەكەین ئەو گوند و شاخانەی کە ئێستا تێیدا جێگیرن، چۆڵی بکەن بۆ ئەوەی دانیشتوانەكەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.
ئاشکراشی کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان، لەوانەش قیرتاوکردنی ڕێگای گەلیی باڵندە کە بەرەو ناوچەکانی نێروە و ڕێکان دەڕوات، جگە لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە لە ناوچەکانی دیکەی وەک ئەو گوندانەی کە دەکەونە بناری چیای گارە و چیای مەتین.
ڕۆژی دووشەممە 12-5-2025 پەکەکە بە ڕاگەیاندراوێکی ئەنجامنامەی کۆنگرەی دوازدەیەمین خۆی، ڕایگەیاند کە بڕیاریانداوە خۆیان هەڵوەشێننەوە و چەکدانێن و کۆتای بە هەموو ئەوکارانە هات بە ناوی پەکەکەوە دەکران.
تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کات و شێوازی پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە چۆن دەبێت.