دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

بارزانی: قبوڵ ناكەین موچە وەكو مانگەكانی پێشوو بێت

هەرێم نیوز

بارزانی رایگەیاند، پێویسته‌ له‌م قۆناغه‌دا پابه‌ندبون به‌ ده‌ستوری عێراق ڕابگه‌یه‌نرێت و ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ده‌ستور دۆخی عێراق سه‌قامگیر نابێت، هه‌ر لایه‌نێكیش بیه‌وێت كاری به‌ زۆرینه‌ بكات له‌ عێراق سه‌رناگرێت، ده‌شڵێت، "ڕه‌فتاری به‌غدا له‌باره‌ی موچه‌وه‌ چیتر قابیلی قبوڵكردن نیه‌ و من ئه‌مه‌ به‌ ئیهانه‌ به‌ خوێنی شه‌هیدان و مێژوی ئه‌م وڵاته‌ ده‌زانم".

پێنجشەممە، 15-05-2025، بارزانی لە وتارێکدا، لە ڕێوڕەسمی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوان، ڕایگەیاند، پێویسته‌ له‌م قۆناغه‌دا پابه‌ندبون به‌ ده‌ستوری عێراق ڕابگه‌یه‌نرێت و ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ده‌ستور دۆخی عێراق سه‌قامگیر نابێت، هه‌ر لایه‌نێكیش بیه‌وێت كاری به‌ زۆرینه‌ بكات له‌ عێراق سه‌رناگرێت. 

دەشڵێت، "بەغدا دەبێت مامەڵە لەگەڵ شەرعییەتی هەرێم بکات" .

بارزانی دەڵێت، لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو هەڵبژاردن بووە و هەڵبژاردنیش سەنگی هەموو لایەکی پیشان داوە، ئەگەر چەند کەسێک لەبەر هەر مەبەستێک، خۆیان قەناعەتی پێیە، سکاڵا بکەن و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ئەمە پێشێلکردنی دەستوور و شەرعییەت و هەموو شتێکە. وەرە مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکە.

بارزانی وتی، "ئەگەر مەبەست ئەوەیە فیدراڵییەت نەماوە، با بە سەراحەت پێمان بڵێن ئێمە قەناعەتمان بە فیدراڵییەت نەماوە. ئەو کاتە ئەوەی قبووڵی دەکات، قبووڵی دەکات، ئەوەی قبووڵیشی ناکات، بڕیاری خۆی دەدات. بەڵام مامەڵەی ئێستای لەگەڵ هەرێم دەکرێت، هی فیدراڵییەت نییە."

لەبارەی پرسی مووچەوە بارزانی وتی: "وایان لە بابەتی مووچە کردووە، کە خەبات و تێکۆشانی ئەو هەموو ساڵەی ئەم مللەتە و ئەو هەموو شەهیدانەی دراون و ئەو هەموو ئەنفال و کیمیابارانە، تەنیا لەبەر مووچە بوونە. ئەگەر مەبەست مووچە با، دەوڵەتانی پێشتر دەستی کوردیشیان ماچ دەکرد و مەمنونیش بوون. بەداخەوە ئەمە بەچاوساخی و بە ڕێنمایی هەندێک لایەنی ناوخۆ بووە."

دووپاتی کردەوە، "لە نیوە کەمتری پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە دەنێردرێت، تەنیا تۆز و خۆڵەکەی نەبێت سێ ئەوەندە دەبێت."
وتیشی، لەمەودوا بەهیچ شێوەیەك ئەوەی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران دەكرێت قبوڵكراو نییە.

بارزانی دەڵێت، پێشبینیم دەكرد بەرپرسانی ئێستای عێراق خۆیان داكۆكی لە مافی خەڵكی كوردستان بكەن نەك مووچە ببڕن.

جەختیشیکردەوە، دەبێت عێراق قەرەبووی سەرجەم قوربانیدانی خەڵكی كوردستان بكاتەوە.

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دانوستانەكانی یەکێتی و پارتی، بارزانی وتی، حكومەت لەسەر بنەمای (50 بە 50) پێكناهێرێت. 

وتیشی، هەوڵێكی زۆر درا هەڵبژاردنێك بكرێت كە پێشتر ئەنجامەكەی دیاریكرابوو خۆشبەختانە رێگەمان نەدا، بەرێگەی جیاوازی هەوڵی تریاندا.

بارزانی وتیشی، جەخت لەبنەمای یەك حكومەت و هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك پێشمەرگە دەكەمەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە: پێمانخۆشە لەسەر ئەو بنەمایە حكومەت پێكبێت لەگەڵ یەكێتیی و هەر لایەنێكی تر كە بیانەوێت بەشداری بكەن.

بارزانی دەڵێت، حكومەتێك ئەم بنەمایەی تیادا نەبێت پێكنەهێنرێت باشترە لەوەی پێكبهێنرێت و ئێمە بەردەوام دەبین لەكاری خۆمان.

ئاشکراشیکرد، حكومەتێك پێكناهێنرێت لەسەر بنەمای (پەنجا بە پەنجا).



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP