هەرێم نیوز
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، "335 حزبی كۆن و نوێ خواستی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن نیشانداوە"، دەشڵێت، ژمارەی ئەو حیزبانەی كە تازە دامەزرێن دەگاتە 61 حیزب.
جومانە غلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، كۆی گشتیی ئەو حزبە سیاسییانەی كە مۆڵەتیان پێدراوەو لای كۆمسیۆن تۆمار كراون 335 حزبە؛ لەنێویاندا زیاتر لە 100 حیزبی كۆن خواستی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی 11/11ی ئەمساڵ نیشانداوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەی ئەو حیزبانەی كە لەسەروبەندی دامەزراندندان دەگاتە 61 حیزب.
غەلای ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی ئەو هاوپەیمانێتییانەی كە خواستی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دەربڕیوەو لە فەرمانگەی كاروباری حزب و رێكخراوە سیاسییەكان تۆماركراون دەگاتە 66 هاوپەیمانیی كە 6 هاوپەیمانێتیان داتایان نوێ كردوەتەوەو 5 هاوپەیمانێتیش تازە دروستكراون.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.