دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

دەوڵەت باخچەلی و پەروین بوڵدان پەیوەندی تەلەفونیان ئەنجامدا

هەرێم نیوز
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) لە پەیوەندیەكی تەلەفونیدا لەگەڵ پەرین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراتی و ئەندامی شاندی ئیمرالی، سوپاسی کردووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو بەیاننامەكەی لەبارەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی پارتی كرێكاران بۆ بڕیاردان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پارتەكە.

بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، باخچەلی بە بوڵدانی راگەیاندووە، بە شێوەیەکی شەخسی سوپاستان دەکەم، بەشداریتان لەم پرۆسەیەدا زۆر گەورەیە، پرۆسەکە بەهۆی ئێوەوە گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، تەواوی هەوڵی خۆم دەدەم بۆ تەواوكردنی.

لای خۆیەوە، پەروین بوڵدان بە باخچەلی راگەیاندووە، منیش سوپاس ئێوە دەكەم، ئەم پرۆسەیە پێکەوە تەواو دەکەین.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوێنێ هەینی رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە بەڕێوەبردووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا زانیاری لەبارەی کۆنگرەکە بڵاودەکەنەوە.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، ئومێدیان بە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری هەیە؛ لەبارەی کۆنگرەکەی پەکەکەش دەڵێت، چاوەڕێن ئەو پارتە بڕیاری چەکدانان بدات.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP