دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

رۆژنامەی ئەلنەھار: هەولێر و عەممان...نزیکبوونەوەی ستراتیژی لە بەرامبەر ئاڵەنگارییە هەرێمییەکاندا

هەرێم نیوز 
پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان گەشەیەکی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت، بەجۆرێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سەردانی شانشینی ئوردنی کرد، لە هەمان کاتدا سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن سەردانی هەولێری کرد. سەرچاوەیەکی سیاسی کوردی بە ڕۆژنامەی "النهار"ی ڕاگەیاند کە پەرەسەندنی پەیوەندییەکان لە نێوان هەردوو لا حەتمییە، بەهۆی جەمسەرگیری هەرێمی و نزیکبوونەوەی هەڵوێستەکانیان.

سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئوردن پێشوازییەکی سیاسی تایبەتی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک میر عەلی کوڕی حوسەین، برای پاشا، پێشوازی لێکرد و بەڕێی کرد، هەروەها بارزانی لەگەڵ جۆراوجۆری بەرپرسانی شانشینی کۆبووەوە، لە سەرووی هەموویانەوە شا عەبدوڵڵای دووەم، کە لە کاتی دیدارەکەدا داوای کرد "پێویستە هەوڵەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی چڕبکرێنەوە بۆ گەیشتن بە ئارامییەکی گشتگیر لە ناوچەکەدا، کە یارمەتیدەرە لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری". 
ڕاگەیەندراوی دیوانی پاشایەتی ئوردن ئاماژەی بەوە کرد کە دیدارەکە "گرنگترین پێشهاتەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد، بەتایبەت لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و سوریا و لوبنان".

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن ئەحمەد ئەلسەفەدی، سەردانێکی فەرمی فراوانی بۆ هەرێم ئەنجام دا، لە ماوەی سەردانەکەیدا چاوی بە ژمارەیەک لە بەرپرسانی سیاسی و حکومی و پەرلەمانی کەوت، گوزارشتی لە ئامادەیی ئوردن کرد بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی پێکهاتەی یاسادانان و بڕیارە حکومییەکان، بە ئامانجی چەسپاندنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەکی سیاسی کوردی پایەبەرز، بۆ "النهار"، هۆکارەکانی چڕکردنەوەی پەیوەندی سیاسی لە نێوان هەردوو لا ئاشکرا کرد، بەوەی کە "سەردانی بەرپرسانی هەرێم بۆ ئوردن، یان پێچەوانەکەی، بەگشتی هاوکاتە لەگەڵ هەڵگیرسانی قەیرانە سیاسی و ئەمنییە توندەکان لە ناوچەکەدا، چونکە جوگرافیای سیاسی لە هەردوو لای کردووە بە دوو ناوچەی ئارام و سەقامگیر لە ناو دەوروبەرێکی پڕ ئاژاوەدا".

درێژەی دا: "دۆسیەی سیاسی و ئەمنی سوریا بووەتە هەڕەشەیەکی هەرێمی لە هەڵکشاندا، بەتایبەت لەسەر ئوردن و کوردستان، چونکە هەردوولا هاوبەشن لە میوانداری سەدان هەزار پەنابەری سوری، و لەگەڵ دۆسیەی سوریادا تێکەڵ دەبن لە ڕووی ڕەهەندە ئەمنی و تایفی و نەتەوەییەکانەوە. هەڵوێستی هەردوولا زۆربەی کات متمانەی ناوەندەکانی بڕیاری نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنن، بەتایبەت کاتێک هاوشێوە دەبن".

پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی، بەجۆرێک ژمارەی کۆمپانیا گەورەکانی ئوردنی کە لە هەرێمدا کار دەکەن لە سەد تێپەڕی، هەروەها "ئەنجومەنی کاری هاوبەش لە نێوان یەکێتییەکانی وەبەرهێنەران" لە هەردوولا دامەزرا. بەڵام کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە لە دیارترین بوارەکانی هاوکاری بوون. هەزاران پزیشکی ئوردنی لە هەرێمدا کار دەکەن، و چەندین نەخۆشخانە و سەنتەری پزیشکی ئوردنی تێیدا کراونەتەوە. هەروەها سەدان خوێندکاری کورد لە ئوردن خوێندن و ڕاهێنان وەردەگرن، لە بوارەکانی پزیشکی و ئەندازیاری و کارگێڕی، و ساڵی ڕابردوو بۆ یەکەم جار "فۆرۆمی خوێندنی باڵا" لە نێوان هەردوولا بەسترا، کە ئوردنی کردووە بە وڵاتێکی پێشەنگی لای خوێندکارانی کورد، بەتایبەت لە بواری خوێندنی باڵا.

فەرهاد شنگالی، توێژەر و نووسەر، بە "النهار"ی وت: "یەکگرتنێکی سیاسی و هەستی لە نێوان هەردوولا هەیە، ئوردن نموونەیەکە بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕەتکردنەوەی گرژی و بەکارهێنانی گوتاری ئایدیۆلۆژی و هاندەر لە دۆسیە هەرێمییەکاندا. هەردوولا هەوڵ دەدەن بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایەتی سیاسی لە ڕێگەی بەهێزکردنی میانڕەوی و گەشەپێدانی مرۆیی، و دروستکردنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ دەوروبەر و هێزە نێودەوڵەتییەکان. کاتێک ڕەوتەکانی دژ بەم بەهایانە لە ناوچەکەدا هەڵدەکشێن، ئاستی هەماهەنگی لە نێوانیاندا زیاد دەکات".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP