دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 پێش 2 هەفتە

وەزارەتی تەندروستی ڕێنمایی بۆ خۆدوورگرتن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز

پاش ئەوەی ئەمڕۆ یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا، وەزارەتی تەندروستی بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، 9 ڕێنمایی بڵاوکردەوە و دەڵێت: پێوستە لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ ئەم ڕێنماییە زانستییانە جێبەجێ بکرێن:

1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە ڕێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتیی دەکات.

2- لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکار بهێنرێن.

3- نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن.

4- بەبێ دەستکێش دەست لە کەلاش مەدەن و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بەباشی بشۆردرێ.

5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.

6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.

7-پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.

8 - باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆ ماوەى نيو كاتژمێر لە پلەى (4 - 8) پلەى سەدى هەڵبگيرێت، پاشان بەكار بهێنرێت. بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.

9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو باشتر وايە سەر نەبڕدرێت.

وەزارەتی تەندروستی



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP