دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

مەزڵوم عەبدی: ده‌بێت مافی كورد له‌ سوریا جێگیر بكرێت

هەرێم نیوز

فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ كۆنفرانسی یه‌كێتی و یه‌كگرتویی كورد له‌ سوریا له‌ قامیشلۆ ڕایدەگەیەنێت، ماوه‌ی 14 ساڵه‌ له‌ شه‌ڕداین بۆ پاراستنی گه‌له‌كه‌مان و ناوچه‌كه‌مان و شه‌ڕی دژوارمان ئه‌نجامدا و زیاتر له‌ 13 هه‌زار شه‌هید و 30 هه‌زار بریندارمان هه‌یه‌، ده‌شڵێت، "ئه‌م كۆنفرانسه‌ بۆ دابه‌شكردنی سوریا نیه‌ و به‌ڵكو داوا ده‌كه‌ین و ده‌بێت مافی كورد له‌ سوریا جێگیر بكرێت".

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری قامشلۆ، بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەس دەستی پێ کرد. ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) دوو لایەنی سەرەکیی کۆنفرانسەکەن. هەر یەکە لە ئەنەکەسە و پەیەدە 130 ئەندامیان لە کۆنفرانسەکەدا دەبێت و ئەوانی دیکەش میوانانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەبن. 

مەزڵووم عەبدی، لە گوتاری کۆنفراسەکەدا ڕایگەیاند "ماوەی 14 ساڵە لە شەڕێکداین کە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە. بۆ پاراستنی گەلەکەمان و ئەم هەرێمە، شەڕێکی سەخت کرا. لەم شەڕەدا نزیکەی 13 هەزار کچ و کوڕی ئێمە شەهید بوون و نزیکەی سێ هەزاری دیکەش بریندار بوون. هیوای سەلامەتی بۆ برینداران دەخوازین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدە قارەمانەکانمان دادەنوێنین و ئەم کۆنفرانسە دەکەینە دیاری بۆ شەهیدانمان."

عەبدی سوپاسی بارزانی کرد و ئاماژەی بەوە دا "بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە بڕیارێکی لە ناکاو نەبووە، بەڵکوو ئەنجامی هەوڵدان، کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکی دوورودرێژی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بووە. زۆر سیاسەتمەدار و لایەنی سیاسیی پارچەکانی دیکەی کوردستان هەوڵی یەکخستنی هەڵوێستی کوردییان لە ڕۆژئاوای کوردستان داوە و یارمەتی ئێمەیان داوە. لە سەرووی هەمووانەوە سەرۆک بارزانی، هەوڵ و ماندبوونی لە بیر ناکەین و سوپاسی دەکەین. هەروەها هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە و هەر یەکە لە کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک بافڵ تاڵەبانیش، ڕۆڵیان هەبوو و سوپاسیان دەکەین."

ئامانجی کۆنفرانسەکە بە گوتەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە "بۆ پارچەکردنی سووریا نییە، بە پێچەوانەوە لە پێناو یەکێتیی خاکی سووریایە. جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، ئێمە لەگەڵ یەکێتیی خاکی سووریاداین. جەخت لەوە دەکەینەوە، یەکێتیی کوردان، یەکێتیی سووریایە، بەهێزی کوردیش، بەهێزی سووریایە."

باسی لەوەشکرد: “ئێمە لە رۆژاڤا پشتگیری بانگەوازەکەی ئۆجالان دەکەین”.

وتیشی: "زۆر نەتەوە، ئایین و پێکهاتە لە سووریا دەژین، بۆیە پێویستە لە سووریای نوێدا دەستوورێک دابنرێت، نامەرکەزی بێت و مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بپارێزێت. جارێکی دیکە دەیڵێینەوە، پێویستیمان بە سووریایەکی نوێی دیموکرات و نامەرکەزی هەیە. ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە، کورد، عەرەب، ئاشووری، ئەرمەن و چەندان پێکهاتەی دیکە بە ئاشتییانە پێکەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) دەژین، پێکەوە شەڕی تیرۆرمان کردووە و پێکەوە مێژوومان نووسیوەتەوە. یەکێک لە کارە پێشینەکەمان، پاراستنی ئەم دەستکەوتنایە. ئامانجامانە لە سووریای نوێدا، ئەم هەرێمەمان، جێگەی خۆی بگرێت، چونکە چەندان ساڵ لە لایەن ڕژێمی پێشووەوە پشتگوێ خرا."

راشیگەیاند: "بە درێژایی مێژوو، گەلی کورد لە سووریا پشتگوێ خراوە، ستەمی لێ کراوە و هەوڵی بنبڕکردنی دراوە. بەردەوام لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی و سیاسی سووریادا بووە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، گەلی کورد سەلماندوویەتی، لە هەموو نەتەوەکانی دیکە، هەوڵی پاراستنی یەکێتیی خاکی سووریای داوە. بۆیە پێویستە لە سووریای نوێدا، مافەکانی گەلی کورد دابین بکرێن و لە دەستووردا بنووسرێنەوە، ئەمە ئامانجی سەرەکیمانە."

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش دا "لەم کۆنفرانسەدا لایەنە سیاسییە کوردییەکان پێکەوە دانوستان دەکەن لەسەر ئامادەکردنی ڕەشنووسێک و پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق، بۆ دابینکردنی مافەکانی کورد لە سووریای نوێدا." 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP