هەرێم نیوز
بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەکەیان و هەڵبژاردنەوەی وەک ئەمینداری گشتیی ڕەوتی ئەلفوراتەین، مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، حکومەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی کرد، بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە ئەمینداری گشتیی ڕەوتی ئەلفوراتەین (تیار الفراتين).
لە پەیامەکەیدا سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەکەیان و هەڵبژاردنەوەی سوودانی بە ئەمینداری گشتیی ڕەوتەکە، هیوا دەخوازێت کە دەرەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکەیان هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ کارکردن لەپێناو دابینکردنی خواست و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا، کە لەسەر بنەمای دەستوور و دادپەروەری و سەروەریی یاسادا، مافی گشت پێکهاتەکان پارێزراو بێت.
ئەمەشلە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی، دووەمین کۆنفرانسی گشتیی ڕەوتی فوڕاتەین لە ژێر دروشمی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جارێکی دیکە بە ئەمینداری گشتیی ڕەوتەکە هەڵبژێردرایەوە.