هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، پێشنیازیان کردووە دوای ئەوەی کامێرای تیژڕۆیی کەوتنەکار، تاسە لە هەندێک شوێن هەڵدەگرن و لە هەندێک شوێنی پێویستیش زیادی دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی 4ی 2025، عەمید ئاسۆ محەممەد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هەندێک یوتێرن و تاسە هەن کە دەبنە هۆی رووداوی هاتووچۆ و قەرەباڵخی، بۆیە بە پێویستمان زانی پلانێکی نوێ بۆ شەقامەکانی هێڵی خێرا و گەڕەکەکان دابنێین، بۆ سەلامەتی گیانی شۆفێران و هاووڵاتییان."
عەمید ئاسۆ محەممەد دەڵێت، لە زۆربەی شەقام و گەڕەکەکانی سلێمانی هەندێک تاسە دانراون کە شوێنەکانیان هەڵەیە، هەندێک شوێنیش هەن پێویستیان بە تاسەیە و دروستیان دەکەن.
لەبارەی کامێرای تیژڕۆییەوە، ناوبراو وتی، لە رێگە خێراکان وەکو شەقامی پێشمەرگە و رێگەی تاسڵوجە بۆ سلێمانی، کامێرای تۆمارکردنی خێرایی دادەنێین کە ئێستا لەژێر چاودێریدان و ماوەیەکی دیکە دەکەونە کار، ئەو کات پێویست بە تاسە ناکات و لادەدرێن.
بە وتەی بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی، کۆمەڵێک رێکار هەن، ئەوان جێبەجێیان دەکەن و دواتر کار لەسەر ئەم بابەتە دەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23 کامێرای جێگیری تۆمارکردنی تیژڕۆیی لەناو شاری سلێمانی کەوتوونەتەکار.