هەرێم نیوز
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە عیرفان سدیق باڵوێزی نوێی شانشینی یەكگرتوو لە عێراق كرد، باڵوێزی شانشینی یەكگرتوو ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا پێشكەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە عیرفان سدیق باڵوێزی نوێی شانشینی یەكگرتوو لە عێراق كرد .
سەرۆكی حكوومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەی، هیوای سەركەوتنی بۆ باڵوێز خواست لە ئەركەكەی و هەموو پشتیوانییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی لە پێناو پێشخستنی زیاتری پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی یەكگرتوو.
باڵوێزی شانشینی یەكگرتوو ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا پێشكەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە، ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا دووپات كردەوە.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەدا كە ئەندرۆ بیزلی كونسوڵی گشتیی شانشینی یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، هەردوولا دووپاتیان لە پێویستی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و ڕێزگرتن لە سیستمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان، دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە زووترین كاتدا كردەوە .
هەروەها ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی نۆڤێمبەری ئەمساڵ تاوتوێ كرا.