دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕاگەیەندراوی پەکەکە: کۆنگرەمان بەستووە و بۆ ڕای گشتی بڵاویدەکەینەوە

هەرێم نیوز

پەکەکە ڕایگەیاند، کۆنگرەی ١٢ـەمینی خۆی لە نێوان ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو، ئەنجامەکانی کۆنگرەکەش، بڕیارە وەرگیراوەکان و بەڵگە و زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە کۆنگرەکە لە کاتێکی نزیکدا بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکرێنەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکە: 

"دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە لە ڕۆژانی ٥ تا ٧ی ئایار، لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. کۆنگرە بە بەشداریی نوێنەرانی هەموو بوارەکانی کارکردن، لە دوو شوێنی جیاوازدا و بە شێوەی هاوتەریب ئەنجامدرا.

دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، لەسەر بانگەوازی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە و سەرەتا بە پەرۆش و ڕێزەوە سڵاوی لە ڕێبەر ئاپۆ کرد و ئەو دید و پێشنیارانەی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە پێشکەشی کۆنگرەی کردبوون، خوێندرانەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا. هەروەها ڕاپۆرتی کورتی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکەش لە کۆنگرەدا خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا.

لەم چوارچێوەیەدا، دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، بڕیاری گرنگی مێژوویی سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە دەرکرد.

دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، کە لە مانگی ئایار، مانگی شەهیداندا بەڕێوەچوو، یادی هەموو شەهیدانی قارەمانی ٥٢ ساڵی تێکۆشانی مێژوویی بە ڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە کردەوە. بانگەوازی لە گەلی نیشتمانپەروەرمان و هەموو هێزە دیموکراتی و سۆسیالیستەکان کرد کە بە دروستی خاوەندارێتی لە هەموو ئەو بەها نەتەوەیی و دیموکراتییانە بکەن کە لە ئەنجامی ٥٢ ساڵی تێکۆشانی مەزندا، بەتایبەتی لەلایەن شەهیدەکانمانەوە، هاتونەتە ئاراوە و بیانژین و بیانژێنن.

دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، یادی شەهید سری سورەیا ئۆندەریشی بە ڕێز و پێزانینەوە کردەوە، کە یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆرترین ماندووبوونی لە ئامادەکارییەکاندا کێشابوو. بانگەوازی لە هەمووان کرد کە بە هاوکاریی یەکتر کار بکەن بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی ئەو مرۆڤە بەڕێزە، کە ١٢ ساڵ هاوڕێیەتیی ڕێبەر ئاپۆی کردبوو.

زانیاری و بەڵگەنامەی فراوان و ورد سەبارەت بە ئەنجام و بڕیارەکانی دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، دوای یەکخستنی ئەنجامەکانی هەردوو شوێنەکە، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا لەگەڵ ڕای گشتیدا هاوبەش دەکرێت.

لەسەر ئەم بنەمایانە، لە کەسایەتیی یەکەمین شەهیدی گەورەمان، هاوڕێ حەقی قەرەردا، جارێکی دیکە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان بە ڕێز و پێزانینەوە دەکەینەوە و بانگەوازی لە گەلی نیشتمانپەروەرمان و دۆستە دیموکراتەکانمان دەکەین کە لە هەموو بوارەکاندا یادی شەهیدە قارەمانەکانمان بکەنەوە و تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بەرزبکەنەوە!"



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP