هەرێم نیوز
دوای ئەوەی پەکەکە ڕایگەیاند کە کۆنگرەی دوانزەهەمینی بەسەرکەوتوویی بەستووە و بڕیارە لە داهاتوودا ئەنجامەکەی ئاشکرا بکات، دەم پارتی لەم بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەم پارتی ڕایگەیاند: بە بڕیارەکانی کۆنگرەی مێژوویی پارتی كرێكارانی كوردستان، دوای پەنجا ساڵ لە ململانێ، هەنگاوێک لە ئاسۆی ئاشتی نزیک بووینەوە. ئەم هەنگاوە هەنگاوێکە بەرەو سەرهەڵدانەوە و گەشەسەندنی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراسی کە چەندین سەدە لە دڵی خاکە دێرینەکانماندا تامەزرۆی بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە: سەرەتا بە ڕێزێکی قوڵەوە هەموو یادی رۆڵەكانی گەلەکەمان دەكەینەوە کە لەم ململانێ درێژخایەنەدا گیانیان لەدەستدا. ئەزمونی تاڵی دەیان ساڵە بەهەموومان دەرخستووە کە ئازار ڕەنگ و زمان و شوناسێکی نییە. ئەمڕۆ فرمێسکی تورک، کورد، چەرکەس، عەرەب، عەلەوی، سوننە، هەموو ناسنامە و بیروباوەڕەکان لە یەک دەریادا بەیەك گەیشتوون. ئێمە خەمی هاوبەشی خۆمان لە دڵماندا هەڵدەگرین؛ ئێمە وەک ئەمانەتێکی پیرۆز یادەوەری هەموو ئەوانەی لەدەستمان داوە دەپارێزین و داهاتووی هاوبەشمان بنیات دەنێین.
ئەوەش هاتووە: لاپەڕەیەکی نوێ دەکرێتەوە لەسەر ڕێگای ئاشتییەکی شەرەفمەندانە و چارەسەری دیموکراسی. وەک دەم پارتی پێمان وایە دوای ئەم وەرچەرخانە مێژووییە، دەبێت هەموو دامودەزگا سیاسییە دیموکراسییەکان، بە تایبەت مەجلیسی نیشتمانیی گەورەی تورکیا، بەرپرسیارێتی چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی ڕاستەقینەی تورکیا لە ئەستۆ بگرن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان کە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لە پەرەپێدانی ئەم پرۆسەیەدا لە ئەستۆ گرت؛ بۆ گەلی تورکیا کە بە گیان و منداڵ و فرمێسکەکانیان باجی ئاشتییان داوە؛ سوپاسی هەموو سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەین، لەوانە بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کە پشتیوانی لە ئیرادەی چارەسەریی کرد، سەرۆک ئەردۆغان کە ئەم ئیرادەیەی لە ئامێز گرت، هەروەها سەرۆکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن بەڕێز ئۆزگور ئۆزێل کە بە شێوەیەکی ئەرێنی لە پرۆسەکە نزیکبووەوە.