دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

پەیامی بارزانی بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی

هەرێم نیوز

بارزانی لە ساڵیادی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكاران دەكات لە ئەرك و كارەكەیاندا پیشەییانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكاندا مامەڵە بكەن.

127 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی تێپەڕدەبێت کە ڕۆژی 22ـی نیسانی ساڵی 1898 میقداد مەدحەت بەدرخان، لە قاهیرە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی "کوردستان" بە چاپ گەیاند.

دەقی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی:
پەیامی بارزانی بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سەد و بیست و حەفتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی كە هاوكات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانیشە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم.

ڕۆژنامەگەری و كاری ڕاگەیاندن و میدیایی فاكتەرێكی گرنگی برەودانی هۆشیاریی نەتەوەیی و پاراستن و دەوڵەمەندكردنی زمانی كوردین، هاوكات ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێزە بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بە جیهان و هەروەها ئامرازێكی كاریگەرە بۆ پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قووڵتركردنی كولتووری ئاشتیخوازی و لێبوردەیی گەلی كوردستان.

لەو یادەدا داوا لە هەموو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكارانی خۆشەویست دەكەم لە ئەرك و كارەكەیاندا پیشەییانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكاندا مامەڵە بكەن و ڕەچاوی بەهاكان و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان بكەن.

هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەخوازم.
مسعود بارزانی
22ـی نیسانی 2025



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP