دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

مەسرور بارزانی: پابەندبوونمان بە ئازادیی بیروڕا و کاری رۆژنامەوانی دووپات دەکەینەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی رۆژنامەگەریی کوردیدا پابەندبوونی حکوومەت بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و کارئاسانیکردن بۆ ڕاگەیاندنکاران دووپات دەکاتەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی رۆژنامەگەریی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ " هیوادارم ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ئاستی گەورەیی و گرنگیی پیشەکەیاندا بن".

دەقی پەیامی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان:
لە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

لەم یادەدا، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و کارئاسانیکردن بۆ ڕاگەیاندنکاران دووپات دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە و بە لەبەرچاوگرتنی یاسا و ئیتیک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەوانی و دوور لە ناوزڕاندن و بەکارهێنانی زمانی زبر ، پەیام و کاری ڕاگەیاندنی خۆیان ئەنجام بدەن.

هیوادارم ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ئاستی گەورەیی و گرنگیی پیشەکەیاندا بن و ڕۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروست بگێڕن و هاوکار و یارمەتیدەری دەسەڵات بن بۆ پشتگیریی چاکسازی و نەهێشتنی هەڵە و کەموکورتییەکان.

ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی پیرۆز بێت و ئومێدی پێشکەوتنی زیاتر بۆ ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەخوازم.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/4/22



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP