دواین هەواڵ

کلتور‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

سیناریۆو کێشەی یەکانگیری و ڕیتم، لە زنجیرە درامای بەرەو بەرزاییەکاندا.

حەمەسوار عەزیز

بەشی دووەم :

سیناریۆی زنجیرە دراما یەکێکە لە سەختترین ژانرەکانی دراما، بەھۆی ئەوەی پێویستی بە ھەناسەیەکی درێژی نوسین و ڕاکێشانی بابەت و دروستکردنی کێشەی تازەو گرێدانەوەی ڕووداوە لاوەکییەکان و گەشەکردنیان ھەیە تا بتوانن بینەر لەگەل خۆیان ببەن و زوو تەسلیمی حەزی بینەر نەبن، حەزی بینەر کە ھەمیشە ئاواتی ئەوەیە پاڵەوانەکەی زووتر ململانێکە بە قازانجی خۆی یەکلابکاتەوەو سەرکەوتن بەدەست بێنێت، بەداخەوە ھێشتا درامای کوردی بەشێوەیەکی گشتی ناتوانێت ھەناسەیەکی درێژی ھەبێت و بابەتەکە قوڵبکاتەوەو لق و پۆپی تازەی لێبکاتەوەو پێشھاتی تازەو چاوەڕێ نەکراو بۆ بینەر دروست بکات، زۆرینەمان کاتێ وەک نوسەریش کار دەکەین، وەک بینەر بیر دەکەینەوەو حەز دەکەین زووتر شەڕەکە لە بەرژەوەندی پاڵەوان یەکلابکەینەوەو دڵی خۆمان و بینەریش خۆش بکەین.

ئەم درامایە لە پلۆت و شێوازی گێڕانەوەی چیرۆِکەکەییدا، ھەوڵیداوە چەند ژانرێکی نووسینەوەی درامی لەنێو یەک سیناریۆ ئاوێتە بکات، سیناریۆکە بەشێوەیەکی گشتی بەسەر دوو تەرزی سیناریۆ نوسین دابەشکراوە، ژانری یەکەم (سیناریۆی ڕێگایە) کە لە گەشتەکەی ھەردوو کارەکتەری (ھەڵوێست محەمەد_کورد ، دییە قاسم_ژیان) ڕەنگدەداتەوە کاتێ ھەوڵدەدەن لە دەست داعش ڕابکەن و ڕێگایەکی شاخاوی سەخت دەگرنە بەر و لە ڕێگادا بەر کۆمەڵێک مەترسی دەکەون، سیناریۆی دووەم ڕووداوەکانی نێو ئەو باڵەخانەیە کە ھەردوو کارەکتەری (نزار سەلامی_پەرۆش، شوان کەریم_کارزان) گیریان تیاییدا خواردووەو پۆلیس بەدوایان ڕادەکات و ھەوڵی دەستگیردنیان دەدات، لەنێو ئەم کردارە نوسەر دەرگای یەکە یەکەی شوقەکانی ئەو باڵەخانەیە دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەر کێشە ئاساییەکانی ڕۆژانەی ھەر خێزانێک لەو خێزانانە بکەوێت و لەگەل ڕووداوی سەرەکی دراماکە ئاوێـتەی بکات، لێرەشدا تەرزی گێڕانەوە جۆرێک لە شێوازی درامای کۆمیدی (سێت کۆم) وەردەگرێت کە تیاییدا شوێن دەبێتە پاڵەوانی سەرەکی و کارەکتەرەکان بەدەوری ئەو شوێنە دەخولێنەوەو گیرۆدەی دەبن، لەنێوان ئەمانەشدا نوسەر تەکنیکێکی مۆدێرنی گێڕانەوە پیادە دەکات لەنێو ھەردوو جوگرافیاکە، کاتێ باڵەخانەکەو کارەکتەرەکانی دەبن بە پاڵەوانی چیڕۆکگێڕانەوەی ھەردوو کارەکتەری ڕووبەری یەکەمی دراماکە و لەنێو دونیابینی و خەیاڵی ئەوان گەشە دەکەن و ژیان دەکەن و گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، لەوەش زیاتر لەڕووی زەمەنەوە نوسەر ھەوڵیداوەیاری تایبەت لەگەل زەمەن بکات و زەمەنی گریمانەکراوی درامی ھاوتای زەمەنی ڕاستەقینەی ژیان بکات و ھەموو زنجیرەکانی ئەو درامایە لە ڕووبەری یەکەم لە دوو شەو و دوو ڕۆژ دێنە بوون و لە ڕووبەری دووەھەمیش ھەموو ڕووداوەکان لە شەوو ڕۆژێک کورتدەبێتەوە، ئەمەش شێوازێکی کارکردنی مۆدێرنەو پێشتریش لە زنجیرە درامای ئەمریکی (٢٤) بینەر ئەوەی بینیووە.

ئەوەی وایکردووە کە ئەو سیناریۆیە وەک ھەوڵێکی جیاوازی گێڕانەوە جێی سەرنج بێت، ئەو شێوازە جیاوازەیە کە نوسەر بەکاری بردووە بۆ ئەوەی خۆی لە فۆرمی تەقلیدی گێڕانەوە دەرباز بکات و پەرۆشی زیاتر لای بینەر دروست بکات و ھەوڵبدات چەند ژانرێکی گێڕانەوە ئاوێـتە بکات و بەدوای ژانری تایبەتی خۆی بگەڕێت، بە تایبەت کاتێ ھەردوو ژانری (سیناریۆی ڕێگاو سێت کۆم) ئاوێتەی یەکتر دەکات و دەیەوێت لەو نێوەندا دوو ململانێی جیاواز لە دوو فۆرمی جیاواز بگێڕێتەوە، ململانێی (کوردۆ و ژیان) و ڕاکردنیان لە دەست داعش و ململانێی ھەردوو کارەکتەری (پەرۆش و کارزان) و ڕاکردنیان لە دەست پۆلیس، ئەم دوو ڕاکردنە لەڕووی ھزرییەوە دەتوانرێت بە یەکتر گرێبدریتەوە کە دواتر دێمە سەری، بەڵام لەڕووی ئاوێتەبوونی ھەردوو ژانرەکە، کێشەی ڕیتمی بۆ دراماکە دروستکردووە.

ئەگەر پێناسەی ڕێتم بەوە بکەین کە دابەشکردنی ڕووداوە بەسەر شوێن و زەمەندا، ئەوە لە ڕووبەری یەکەم (ڕێگاکە) قەیرانی ڕووداو ھەیەو شوێن_ڕێگا و زەمەن بەر دووبارە بوونەوەی بەردەوام دەکەون و ڕیتم بەشێوەیەکی بەرچاو تاڕادەی وەستان دادەبەزێت و (جەمب) لەنێو دراماکە دروست دەکات، بەپێچەوانەی ڕووبەری دووەم (باڵەخانەکە) کە ھەمیشە ڕووداوی تازەو کارەکتەری تازە دەخزێنە نێو ڕووداوەکان و بینەر لەگەل خۆیاندا دەبەن، بۆیە بەستنەوەی ئەو دوو ڕووبەرە بەیەکەوە وەک کۆکردنەوەی (ئاو و زەیتە) کە ناتوان تێکەڵاوی یەکتر ببن، ھەرچەندە ڕووبەری دووەم زادەی خەیاڵی کارەکتەرەکانی ڕووبەری یەکەمە، بەڵام وەک ڕیتم و یەکەی ھونەری و بابەتی، وەک دوو کاری جیاوازو سەربەخۆ ماونەتەوەو ھەریەکەیان بەشێوەیەک کاردانەوەی لای بینەر دروستکردووە، یەکەمیان ناتوانێت سەرنجی بینەر ببات و لەگەل خۆی ببات بە ھۆی ھەژاری درامی و فەیکی بەشێک لە ئەکشنەکانی بینەر تووشی وەڕز بوون دەکات، دووەمیش پڕە لە کێشە و سەرکێشی و ڕووداو و کارەکتەری تازە، بەشێوەیەک کە بینەرحەز دەکات ھەرگیز دەرھێنەر و نوسەر لەنێو گەرمەی ڕووداوەکانی نێو باڵەخانەکە، ئەو جەمبەیان پێ نەکەن و بیانبەنەوە بۆ نێو گرتە دووبارەکانی ڕووبەری یەکەم و بەو ڕووداوە فەیک و ساختانەی ئەو ڕووبەرە بێزاریان نەکەن، چونکە ھەر لە بنەڕەتیشەوە دروستکردنی ئەو ڕووبەرە (واتە ڕووبەری یەکەم) ئەگەرچی وەک تەکنیکی گێڕانەوە خزمەت بە دراماکە دەکات، بەڵام وەک ڕێتم و یەکانگیری ھونەری، بۆتە بار بەسەر کارەکەو ئیزافەی تیا نییە، بە تایبەت کاتێ ئەو گەشتە بە پرسی داعش بەستراوەتەوە، ڕەنگە ئەمەش لەڕووی ھزرو فەلسەفەی کارەکەوە ھەوڵدانێک بێت بۆ دروستکردنی ژیان لەنێو ڕووخان و ھەرەسدا، وەک چۆن پاڵەوانەکانی ئەو ڕووبەرە لەنێو مەترسی مەرگ و لەناوچوونیش ھێشتا چیڕۆک دەنووسن و خەریکی ژیانن، بەڵام لەڕووی ھونەرییەوە، وەک چێژ و ئێستاتیکا و یەکانگیری ھونەری، ئەم ھەوڵە بە ئاکام نەگەییووەو پێویستی بەکارکردنی زیاتر ھەبوو بۆ ئەوەی ئەو دوو ڕووبەرە نەبن بە دوو ڕووبەری نامۆ بە یەکتری و توانای ئاوێتەبوونیان ھەبێت.

من دەمەوێ خەیاڵ بکەم و نامەوێ پێشنیار بکەم، ئەگەر ھەردوو کارەکتەری (کوردۆ و ژیان) دانیشتووی ھەمان باڵەخانە بووان، بەشێوەیەکی گریمانەکراو ئاوێتەی پاڵەوانە خەیاڵییەکانی خۆیان بان، وەک چۆن لە ھەندێ دیمەن ئەوەش کراوەو کوردۆ و ژیان بەنێو کارەکتەرەکانی باڵەخانەکە گوزەر دەکەن، بەڵام ئەگەر پرسی دووبارەو سێبارەی داعش و ئەو ڕێگا دوورو درێژە لاببەین و ئەو دوو کارەکتەرە بخەینە نێو باڵەخانەکەو ئەو کێشە سادانەی کە ڕۆژانە لەوێ ڕوودەدەن، ئایا یەکانگیرییەکی ھونەری و بابەتی باشتر دروست نەدەبوو، دواتر بۆ پێویست بوو لە ڕووبەری یەکەم ئەو ھەموو ڕووداوە فەیکە ھەبێت کە ھەمووی ڕووداوی دووبارەو ئاشنایەو ھیچ شۆکێک لای بینەر دروست ناکات، ئەگەر ئەرکی ڕووبەری یەکەم تەنھا گێڕانەوەو ململانێی نێو ھەردوو کارەکتەری کوردۆو ژیان بووایە لەسەر فۆرمی کارەکتەرو ڕەوتی ڕووداوەکان، دروستکردنی جۆرێک لە ململانێی مۆدیرن لەنێو ھەردوو ڕەگەزی پیاو و ژن بەھۆی جیاوازی ڕوانگەی بینین و دیدگای ھەر ڕەگەزێک بۆ کێشەکە، بە تایبەت ئەگەر بەشێوەی کۆمیدیا کاری لەسەر بکرابایە، دراماکە چی بەسەر دەھات و کێشەی ڕیتم و یەکانگیری چارە نەدەبوو؟ ببوورن ئەوە تەنھا خەیاڵی منە بۆ گرێدانەوەی ھەردوو ڕووبەرەکە و پێشنیار نییە بۆ ھیچ کەسێک، بەڵام ھەندێجار ناچاری بەدەنگی بەرز بیر بکەیتەوە بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئێمە تەنھا ڕەخنە ناگرین و دەتوانین ببین بە بەشێک لە چارەکردنی کێشەکانی درامای کوردی، ئەگەر پێشوەختە بەشداریمان پێبکرێت.

ئەم سیناریۆیە ئەگەرچی لە ڕواڵەتتدا دەچێتە نێو کێشە ڕۆژانەییەکانی خەڵک و لەگەلیان ئاوێتە دەبێت و خۆی بارنەکردووە بە کۆمەڵێک پرسی بنەڕەتی کە لە زۆرێک لە دراماکاندا وەک پرسی سەرەکی مامەڵەی پێوە دەکرێت، نوسەر ھەوڵیداوە لە نزیکەوە دەرگای یەک بەیەکی ئەو شوقانە بکاتەوە بۆ ئەوەی بزانێت لەو دیو ئەو دەرگاوە چی دەگوزەرێت، خەڵک چۆن بیر دەکاتەوە، چۆن ڕۆژ و ساتە ئاساییەکانی بەسەر دەبات، چۆن ژیان دەکات و چۆن بەر ئاستەنگەکانی ژیان دەکەوێت، ھەوڵدەدات ئەو ڕووداوانە ڕووتووش نەکات و بە سادەیی نیشانیان بداتەوە، لە ماڵێک شامپۆیەکی ساختە ڕووداوی دروستکردووە، لە ماڵێکی تر باوکێک کە خەریکە لە لایڤ کێشەی کۆمەڵگا چارە دەکات و بیری چووە لە نزیکەوە سەیری کێشەی مناڵەکانی خۆی بکات و کات بە خێزانەکەی بدات، لە ماڵێکی تر خانەنشینێک گیرۆدەی دەستی فزوڵی ژنەکەی بووەو نازانێت چۆن کۆنتڕۆڵی بکات و ماڵەکە ئارام بکاتەوە تا دوو وشە بخوێنێـتەوە، ماڵێکی تر ژن و مێردێک تاقەتی قسەکردنیان لەگەل یەک نەماوەو ناتوانن خۆشەویستییە کوژراوەکەی نێو ڕۆژانەی ژیان ئاشت بکەنەوە،لە ماڵێک دایکێک پەراوێز خراوەو و فەرامشکراوەو ھێشتاش ناتوانێت مناڵەکانی بە جوانی نەبینێت، لە ماڵێکی تر حەسەرەت بۆ کوردایەتی و داڕووخانی بەھا نەتەوەییەکان پیاوێکی تووڕەو ناڕازی دروستکردووە..تاد، ئەمانە لە ڕووکەشدا کێشەی ڕۆژانەن و وڕەنگە زۆر ئاسایی ببینرێن، بەڵام ئەگەر لە گوتارە داپۆشراوەکەی پشت ئەو ڕووداوانە بگەڕێین، زۆر پرسی بنەڕەتی قوڵ و گەورە بەدیدەکەین و زۆر ھزری شاراوە ھەیە کە دەتوانێت وێنای ڕاستەقینەی سێکتەرە جیاوازەکانی سیاسی و کۆمەلایەتی ئەو کۆمەڵگایە بکات و پەردە لەسەر زۆر ڕاستی تاَل ھەڵماڵێـت (لە بەشەکانی دواتر باسی ئەو نەسەقە داپۆشراوانەی پشت ئەو ڕووداوانە دەکەم).

ئەوەی بۆ من کێشە بوو لەو سیناریۆیە، جگە لە ھەوڵدان بۆ درێژکردنەوەی کات و جوینەوەی ھەندێ ڕووداو و زیادکردنی ھەندێ ھێلی درامی ناکارا کە ناتوانن ئیزافە بن بۆ دراماکەو خزمەت بە بیرۆکەی گشتی و پلۆتی سەرەکی دراماکە بکەن، بوونی زنجیرەی یەکەم و کۆتایی دراماکەیە، لە زنجیرەی یەکەم ھەستدەکەیت کە پرسی داعش بەزۆر ھێنراوەتە نێو ڕووداوەکان، وەک ئەوەی تەنھا پێشەکی ڕووداو بێت نەوەکو خودی ڕووداو، بۆیە مامەڵەکردن بەو پرسەو ھەڵاتنی ھەردوو کارەکتەری (کوردۆ و ژیان_کە ھەردوو ناوی کارەکتەرەکە ئاماژەی سیمۆلۆژی خۆی ھەیەو بە مەبەست بە یەکەوە بەستراونەتەوە) بەشێوەیەک داڕێژراوە کە زۆر قەناعەتپێکەر نین، وەک ئەوەی نوسەرو دەرھێنەر پێمان بڵێن پەلەتان نەبێت و ڕەخنە مەگرن، ئەمە تەنھا وەک موقەبیلاتی دراماکەیە و ھێشتا ژەمە چەورەکە ماوە، ئەم مامەڵەکردنە بەو شێوە ناجیدییە زیانی بە فۆرمی دراماکە گەیاندووە، لەوانەش زۆر خراپتر زنجیرەی کۆتایی دراماکەیە، نازانم بۆ نوسەرو دەرھێنەر خۆیان لێ بۆتە تاوانبار و دانیشتوون لەسەر زمانی کوردۆ بەرگری لە خۆیان دەکەن و ڕوونکردنەوە دەدەن، ئەم ڕوونکردنەوەیە زۆر سادەو نالۆژیکییەو تۆ دەتەوێت دوای تەواو بوونی دراماکەشت ھەر خۆت قسە بکەیت، بۆ دەرفەت بە منی بینەر نادەیت بەشدار ببم و شتەکان وەک ئەوەی خۆم تێیگەیشتووم بەرم بکەوێت، بۆ دەتەوێت لە جیاتی منیش بیر بکەیتەوە، نازانم پێموایە ئەم دیمەنەو ئەم شێوازە کارکردنە واتلێدەکات کە بیر لەوەی بکەیتەوە ئایا نوسەر لەم درامایە ھەست بە گوناح و تاوان دەکات بۆیە ھاتووە بەرگری لە خۆی دەکات، دواتر ئەم دروشمبازییەی کۆتایی دراماکە بۆچییە، من ھیوادارم کەناڵەکە وەک کەناَڵێکی دەسەڵات و حیزبی، ئەوەی بەسەر دراماکە فەڕز نەکردبێت، چونکە بەڕاستی ھەر لەوە دەچێت کە ئەوە ھەوڵدانێک بێت بۆ ئەوەی پانتایی خەیاڵی بینەر و بیرکردنەوەکانی قوفل بکەیت و ڕێگەی پێ نەدەی بیر لە ئاماژەی نەبینراوەکانی پشت ڕووداوەکان بکاتەوە کە لە بەشی دواتر ھەڵوەستەی لەسەر دەکەم. (ماویەتی)











Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP