هەرێم نیوز
وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە دوو ڕۆژی ڕابردودا زیاتر لە 90 کەس بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردودا زیاتر لە 90 کەس بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، ئەوەش لەکاتێکدایە ئیسرائیل هێرشەکانی لە سەرانسەری غەززە چڕتر كردوەتەوە بۆ زیادکردنی فشارەکان لە سەر حەماس بە مەبەستی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە حەماس دەستگیری كردون.
تیمە پزیشکییەکان ڕایانگەیاندوە، کوژراوەکان زیاتر 15 کەسیان تێدایە كە ژن و منداڵن، هەروەها هەندێكیان لە ناوچەیەکی مرۆیی دیاریکراودا نیشتەجێبونە.
تیمە پزیشکییەکان ئاماژەیان بەوەشکردوە، زیاتر 11 کەس لە شاری خان یونسی باشوری کەرتی غەززە کوژراون، کە بەشێکی زۆریان لەناو خێمەیەکدا بون لە ناوچەی ئەلمەواسی، کە سەدان هەزار ئاوارە تێیدا نیشتەجێن. ئیسرائیل وەک ناوچەیەکی ئارام دەستنیشانی کردوە.
بەگوێرەی ئاماری نەخۆشخانەی ئەوروپی کە تەرمەکانی بۆ هێنراوە، بەهۆی بۆردومانی جیاوازەوە، چوار کەسی دیکە کوژراون، کە دایکێک و کچەکەیشی تێدایە.
ئیسرائیل بڕیاریداوە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە چڕتر بکاتەوە و "ناوچەی ئەمنی" گەورە لەناو کەرتی غەززەدا كۆنتڕۆڵ بكات. هەروەها ماوەی شەش هەفتەیە ئیسرائیل گەمارۆی لەسەر غەززەی توندكردوەتەوە و ڕێگری لە ههاتنە ناوەوەی خۆراک و کەلوپەلی دیكە دەكات بۆ ناو كەرتەكە.
تەندروستی جیهانی بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەمڕۆ شەممە داوای لە مایک هوکابی، باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە ئیسرائیل کرد کە فشار بخاتە سەر تەلئەبیب بە مەبەستی هەڵگرتنی گەمارۆ لە سەر غەززە بۆ ئەوەی دەرمان و یارمەتی دیکە بگەیەندرێت بە غەززە. بەڵخی وتی، "هیوادارم بچێت و بە چاوی خۆی دۆخەکە ببینێت".
لە دوایین پێشهاتەکانی دانوستانەکانی ئاگربەست، خەلیل ئەلحەیا، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەی حەماس، ڕەتکردنەوەی "رێککەوتنی بەشەکی" دوپاتکردەوە، ئامادەیی بزوتنەوەکەی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، کە نزیکەی 18 مانگە بەردەوامە.