هەرێم نیوز
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایدەگەیەنێت، 8 حاڵەتی مردن و 54 حاڵەتی تووشبووی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمار کراون، “زۆرترین مردن لە کەرکووک تۆمار کراوە.”
د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 54 تووشبووی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمار کراون، کە 8یان مردوون و زۆرترین تووشبوو لە پارێزگای زیقار تۆمار کراون، کە 17 تووشبووە، زۆرترین مردنیش لە کەرکووکە.
بەمەبەستی دابینكردنی پێداویستییە پزیشكییەكان، چارەسەری پێویست بۆ تووشبووان و لەناوبردنی هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی پەتاكە، لە دوێنێوە وەزارەتی تەندروستی عێراق بەهاوكاری ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، ژوورێكی ئۆپراسیۆنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون پێكهێناوە.
بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، 17 حاڵەتی تووشبوون لە زیقار، كەركووك پێنج حاڵەتی تووشبوون و چوار حاڵەتی مردن، موسەننا شەش حاڵەتی تووشبوون و دوو مردن، واست پێنج حاڵەتی تووشبوون و حاڵەتێكی مردن، دیالە دوو حاڵەتی تووشبوون و حاڵەتێكی مردن، نەینەوا سێ حاڵەتی تووشبوون، ئەنبار یەك حاڵەتی تووشبوون، هەولێر یەك حاڵەتی تووشبوون، بەسرە سێ تووشبوو، بەغدا سێ تووشبوو تۆمار كراون.
هاوکات، سامان یابە، وتەبێژی تەندروستیی کەرکووک، رایگەیاند، ئەم ساڵ لە کەرکووک 5 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون، کە چواریان مردوون و ئەوەی دیکەش چاک بووەتەوە، هیچ تووشبوویەکی نوێش تۆمار نەکراوە.
پەتای تای خوێنبەربوون پەتایەکی ڤایرۆسییە، گواستراوەیە و بەهۆی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، کە لەنێوان مرۆڤەکانیشدا درمە و دەگوازرێتەوە.