هەرێم نیوز
وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند، لەڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا 18 بۆ 20 كاتژمێر كارەبا بەهاوڵاتیان دەدرێت، ئەوەش بە پشتبەستن بە نزیكەی چوار هەزار مێگاوات كارەبا، هەروەها زیاتر لە حەوت هەزار كرێكارو فەرمانبەری كارەبا بە شێوەی ئیشكگریی لە خزمەتی هاوڵاتیاندا دەبن.
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەهەر سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز بەپشتبەستن بە نزیكەی چوار هەزار مێگاوات كارەبا ڕۆژانە 18 بۆ 20 كاتژمێر كارەبا بەهاوڵاتیان دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، زیاتر لە حەوت هەزار كرێكارو فەرمانبەری كارەبا لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم، كۆنترۆڵی كارەبای پارێزگاكان، وێستگەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا، سیانەكان و پۆلیسی كارەبا لەسەرجەم پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێم بە شێوەی ئیشكگریی لە خزمەتی هاوڵاتیاندا دەبن.