دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

ژاپۆن مۆزەخانەى سلێمانى نۆژەندەکاتەوە

هەرێم نیوز

مۆزەخانەى سلێمانى یەکێکە لەمۆزەخانە بەناوبانگەکانى کوردستان و لەسەر نەخشەى مۆزەخانەکانى دونیاش پێگەى خۆی هەیە، مێژووى دامەزراندنەکەى دەگەێتەوە بۆ رۆژى 14ـى تەمووزی ساڵی 1961، هەرچەندە پێشووتر لە ماڵی خوالێخۆشبوو رەفیق فەتحوڵادا بووە ، یەکێک لە گرنگییەکانى ئەم مۆزەخانەیە بوونى شوێنەوارە گرنگەکانیەتى و تیایدا سەردەمە جیاوازەکانى کوردستان و میزۆپۆتامیاى لەخۆگرتووە، بەتایبەتى تابلێتى پێنجەمى داستانى گەلگامشە کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابلى کۆن و 1595 ساڵ پێش زایین.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن مۆزەخانەى سلێمانى لەسەر ئاستى عێراق بە دووەمین مۆزەخانە دادەنرێت لە دواى مۆزەخانەى نیشتمانى عێراقی بەغدادەوە، بەڵام بەهۆی هەبوونى هەندێک پێداویستییەوە جاروبار کێشەى بۆ دورست دەبێت ، بۆ چارەسەرکردنى ئەو بابەتە ، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەى عێراق و ئینکیدۆ ئاکیرا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق واژۆیان لە سەر رێککەوتنێک کرد بۆ نۆژەنکردنەوەى مۆزەخانەى سلێمانى.

بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى زەمانى عێراقى وڵاتى ژاپۆن بە دابینکردنى بڕی 750 هەزار دۆلاری ئەمریکی و بە سەرپەرشتى کۆمپانیاى جایکاى ژاپۆنی و وەزارەتى شارەوانى هەرێمى کوردستان پرۆسەکە بەڕێوە دەچێت، بەگوێرەى رۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردووە ئامانج لەم هاوکارییەى ژاپۆن باشترکردنى خستنەڕووى شوێنەوارەکان و نۆژەنکردنەوە و خاوێنکردنەوە و پاراستنیانە لە لەناوچوون، ئاماژەى بەوەشکردووە مۆزەخانەى سلێمانى رۆڵی هەیە لە بەرەوپێشچوونى ئاستى رۆشنبیریی و پەرەپێدانى کەرتی گەشتیاریی و تەنانەت لە سەر پرۆسەى پەروەردەش، لەبەر ئەوەی ساڵانە ژمارەیەکى ئێجگار زۆر لە قوتابیان و خوێندکارانى قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆکان سەردانى ئەو مۆزەخانەیە دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP