دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 24/03/2025

لە هەرچوار هاوسەرگیریی یەکێکیان بە تەڵاق کۆتایی هاتووە

هەرێم نیوز

سەرەڕای کێشە ئەمنی و ئابورییەکانی عێراق بەڵام پرۆسەى هاوسەرگیریی و جیابوونەوە بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەشدا پایتەختى وڵاتەکە زۆرتر گیرۆدەى جیابوونەوەیە، شرۆڤەکارانیش ئاماژە بە هۆکارە جیاوازەکان دەکەن، بەڵام سەرەکیترینیان ئامێرەکانى پەیوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.

ئەنجوومەنى دادوەریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەى بۆ میدیاکانى ناردووە ئامارى هاوسەرگیریی و جیابوونەوەکانى مانگی شوباتى ئەمساڵی بڵاوکردەوە -جگە لە هەرێمى کوردستان- و رایگەیاند 31 هەزار و 411 هاوسەرگیریی ئەنجام دراوە و شەش هەزار و 392 جیابوونەوەش تۆمارکراوە،

بەگوێرەى بەیاننامەکەى ئەنجوومەنى دادوەریی بەغدادى پایتەخت لە ریزبەندی یەکەمی هاوسەرگیریی و جیابوونەوەکاندایە و تەنها لە دادگاى رەسافە پێنج هەزار حاڵەتى هاوسەرگیریی تۆمارکراوە و لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین تەڵاقى تێدا تۆمارکراوە، بەجۆرێک لە هەموو پارێزگاکانى تر زیاترە،

لە بەیاننامەکەدا هاتووە لە دواى ئەویش دادگاى رەسافەى بەغداد دێت و بە پلەى سێیەمیش پارێزگای بەسرە زۆرترین حاڵەتەکانى تێدا تۆمارکراوە. ئامارەکەى ئەنجوومەنی دادوەریی ئاماژەى بەوەکردووە لە مانگی شوباتى ئەمساڵدا رۆژانە لە عێراق زیاتر لە 228 تەڵاق تۆمارکراوە و لەبەرامبەردا زیاتر لە هەزار و 121 هاوسەرگیریی تۆمارکراوە، ئامارەکانى نێو راپۆرتەکە ئەوە نیشان دەدات نزیکەى چواریەکى ئەوانەى هاوسەرگیرییەکان کردووە بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە.

بەگوێرەى راپۆرتى ئەنجوومەنى دادوەریی کێشەى تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و هەژاریی و نەبوونى شوێنى نیشتەجیبون و زوو هاوسەرگیریی کردن لە هۆکارە سەرەکییەکانى جیابوونەوەکانن.

ئاماژەى بەوەشکردووە تەنها لە ساڵی 2024 دا 72 هەزار و 842 جیابوونەوە رویداوە لە بەرامبەردا 320 هەزار و 459 هاوسەرگیریی کراوە جگە لە پارێزگانى هەرێمى کوردستان، ئەگەر رێژەى سەدى ژمارەى جیابوونەوەکان وەربگرین لە ساڵی 2014 دا دەکاتە 23%ـى هاوسەرگییرەیەکان، کە ئەوەش مەترسی گەورەیە بۆ سەر خێزانە عێراقییەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP