هەرێم نیوز
چاوەڕوانییەکان لە سوریاى نوێ وابوو کە لە ماوەیەکى کەمدا ئەحمەد شەرع کۆنترۆڵی تەواوى سوریا بکات و کێشەى هەموو پێکهاتەکان چارەسەر بکات و ئەو هەڵانەى بەشار ئەسەد و باوکى کریان ئەم دووبارەیان نەکاتەوە، بەڵام پێدەچێت چاوەڕوانییەکان وانەبن، وەک کوردەواریی دەڵێت: مانگ سەر لەئێوارە دیارە، ئەوەتا لە بری ئەوەی (پەڕۆیەک لە ئەسەد دابدڕێت) ئەزموونە شکستخواردووەکانى ئەوان دووبارە دەکاتەوە، ئێستا کەلەنێو یادەکانى نەورۆزداین بەدەمیدا نەهات پیرۆزباییەک لە کورد بکات و چەند رۆژێک پێش لە ئێستاش هێرشى خوێناوی کردە سەر عەلەوییەکان و قەتڵ و عامیان کردن، وەک سەرچاوەکان ئاماژەى پێدەکەن ئەحمەد شەرع بەتەواوەتى دەستى بەسەر 70%ــى خاکی سوریادا دەشکێت و یەک لەسەر سێی خاکەکەى بەدەستەوە نییە و خێڵ و دەستەو گروپەکان دەیبەن بەڕێوە.
پێکهێنانى حکومەتە کاتییەکەى بووەتە جێگەى سەرنج بۆ نموونە ئەسعەد شەیبانى کردووەتە وەزیری دەرەوە کە پێشتر پەیوەندییە دەرەکییەکانى تەحریر شامى کردووە، مورهیف ئەبو قەسرەى کردووەتە وەزیری بەرگریی کە پێشتر بەرپرسی سەربازیی بەرەى تەحریر شام بووە، ئەنەس خەتابی وەک بەڕێوەبەرى هەواڵگریی دیارریکردووە کە پێشتر دەزگاى هەواڵگریی تەحریر شامی بەڕێوەبردووە و تاوانبارە بە ئەنجامدانى کۆمەڵە تاوانێکى جەنگی، لە ئێستاشدا ماهر شەرعی براى خۆی کردووەتە وەزیری تەندورستى و بەشێکى زۆر لە پۆستەکانى دیکەى لە خزم و کەس و کارى ژنەکەى داناوە.
ئەمەش ئەو بیۆکراتییە نیشانى کۆمەڵگەى سوری دەداتەوە کە پێشتر ئەسەدەکان کردوویانە، وەک شارەزایان باسی دەکەن ئەو هەڵانەى کە ئێستا ئەحمەد شەرع دەیانکات هەمان ئەو هەڵانەن کە پێشتر حزبی بەعس کرودوونى.
ئێستا حکومەتەکەى ئەحمەد شەرع و وەزیرەکانى سەرقاڵی دانانى بەرپرسە کۆنەکانى بەرەى تەحریرن لە سەرجەم پۆستەکاندا و پێکهاتەکانی دیکە فەرامۆش دەکرێت هەمان ئەو هەڵانەى کە بەعسییەکان کردیان و بووە هۆی سەرهەڵدانى ئەو هەموو گەندەڵییانەى کە دواجار سەرى خوارد، هەر بۆیە پێدەچێت ئەگەر لەسەر ئەو بەرنامەیە بڕوات هەمان چارەنووس چاوەڕێی ئەویش بکات.