هەرێم نیوز
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، کارەکانی پڕۆژەی دانان و دابەشکردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆی و بەستنەوەی بە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر بەباشی بەڕێوەدەچێت.
ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی نزیكەی ( 25 ملیار دینار )، دەستکراوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دانان و دابەشکردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە هێڵە لاوەکییەکان و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكومەت بۆ باشترکردنی سیستەمی دابەشكردنی ئاو و دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ دانیشتووانی شاری هەولێر كە درێژییەكەی 411 کیلۆمەترە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، كاركردن لەو پڕۆژەیەدا زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و بەرەوپێشچوونی زۆر باشی بەخۆیەوە دیوە. بە تەواوبوونی پڕۆژەکە زیاتر لە 1000 بیری ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری دادەخرێن و زیاتر لە 248 هەزار ماڵ لێی سوودمەند دەبن كە 63 هەزار هاوبەشیان لە دەرەوەی شاری هەولێرن.