هەرێم نیوز
هاوڕێ تۆفیق ڕایگەیاند، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچە دەرچووە و داواى تەوتینى مووچە دەکات.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەرى گشتیى پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق، رایگەیاند، پاش ئەوەى 20ـى کانوونى دووەمى 2025 لە دادگای فیدراڵی داوانامەی یاساییان تۆمارکرد، بۆ داکۆکیکردن لە مووچەی خەڵکی کوردستان، دادبینی یەکەم و و دووەم تەواو بوو، حوکمی تیا دەرچوو.
ئەوەشی خستەڕوو، دادگای فیدراڵی داواى تەوتینی مووچە دەکات بە گوێرەی رێنمایی بانکی ناوەندى و بانکە حکومیی و ئەهلییەکان بگرێتەوە، بەوەى فەرمانبەران ئازادبن لە هەڵبژاردنی بانکەکان و ئەمەش لە رێگای وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لە بڕیارەکەدا بڕیارى پێشووی دادگای فیدراڵی لەبارەى مووچەوە دووپاتکراوەتەوە و دەشڵێت نابێت کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمى کوردستان ببن بە هۆکاری خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەران.
ڕوونیشیکردەوە، داوای دەرکردنی فەرمانسالاریمان کردبوو، دادگا بۆ ئەم بڕگەیەیان بۆچوونى وابوو رەهەندی بەپەلەی تێدا نییە و پێشتر بڕیاریان دەرکردوە، هەربۆیە ئەم بڕگەیەى رەتکردوە.
دوپاتیکردەوە، داوامان کردبوو تێچووی دەرهێنانی نەوتی کوردستان لە یاساى بودجە ماددەی 12 بڕگەی (ج) بە نادەستووری دابنێن، بەڵام دوو هەفتە لە داواکەی ئێمە، پەرلەمان خۆی هەمواری ئەو بڕگەیەی کرد کە ئێمە داوامان کردبوو، بۆیە ئەو بڕگەیەمان کێشایەوە.