دواین هەواڵ

ئابوری‌

 18/03/2025

وەزیری دارایی: نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاووڵاتیان بکرێت

هەرێم نیوز
وەزیری دارایی ڕایگەیاند، بڕیاردرا کە نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاووڵاتیان ( ئەمانات ، وەدائیع ، توفیر ) بکرێت.

 وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ( ١٨ ی ئازاری ٢٠٢٥ ) ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان و گەنجینەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆبووەوە.                                                                  ئاشکراشیکرد، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کێشە و گرفتی هاووڵاتیان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران و کۆمپانیاکان لەو سنورە و جەخت لە لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم بانکەکان کرایەوە، لەوبارەیەوە بڕیاردرا کە نابێت لە هیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ هاووڵاتیان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت، بەپێچەوانەوە هەر کێشەیەکی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان دروست بکرێت ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان دەکرێت.                      
ڕوونیشیکردەوە، لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاووڵاتیان ( ئەمانات ، وەدائیع ، توفیر ،هتد.....) بکرێت بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.                                    
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە بڕیاردرا کە بەهیچ جۆرێک نابێت لە ژێر هیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێنرێت.
باسی لەوەشکرد، هەر لە کۆبوونەوەکە جەخت کرایەوە لەحاڵەتی دووبارە بوونەوەی سەرپێچیەکان و هەرکەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانە جوڵایەوە، داوا لەفەرمانبەران و مووچەخۆران و بەڵێندەران دەکەین ڕاستەوخۆ وەزارەتمان ئاگادار بکەنەوە تا ڕێکاری پێویست بگرینەبەر.   
دووپاتیکردەوە، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند لە نزیکەوە چاودێری بەڕێوەچوونی کاروباری بانکەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەین و کەمتەرخەمی و چاوپۆشی لە هیچ بانکێک قبوڵ ناکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP