دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 17/03/2025

زێدی کوردە فەیلییەکان ئاوەدان دەکرێتەوە

هەرێم نیوز 

کوردە فەیلییەکان پێکهاتەیەکیى سەرەکی هەردوو وڵاتى ئێران و عێراقن، لە دیوى ئێرانەوە پێیان دەگوترێت -لوڕ- و شوێنى نیشتەجێبوونیان دەکەوێتە (پێشکۆ و پشتکۆ) لە پارێزگاکانى کرماشان، ئیلام، لورستان و چەند ناوچەیەکی دیکە هەن، لە دیوی عێراقیشەوە ، کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ژیاون، لە ناوچەکانی مەندەلی، زڕباتییە، بەدرە، جەسان، خانەقین، کەرکووک،

بەغداد، کووت، عەمارە و بەسڕە و زۆربەی مێژوونووسان، کۆکن کە لە ڕەچەلەکی ئیلامی یان گۆتییەکان بوون و لە ئەدەبیاتى فەیلییەکاندا خۆیان بە دامەزرێنەر و پێشخستنى شارى بەغداد دەزانن، بەڵان بەهۆی کێشە ئایدۆلۆژییەکانى بەعسەوە لە ساڵی 1970 ـەوە دەستى بە کێشە دروستکردن کردووە بۆیان و لە 4ـى نیسانى 1982 گەشتووەتە چڵەپۆپە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کوردە فەیلییەکانى لەسەر دەستى بەعس دەیان کێشەى جۆراوجۆیان بۆ دروستکراوە، یەکێک لەوانە روخاندنی گوند و زێدى نیشتەجێبونییانە.

لەو بارەیەوە تاریق مەندەلاوی راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى کوردە فەیلییەکان رایگەیاند لیژنەیەکى تایبەتییان پێکهێناوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو پاریزگاى واست و دیالە بەمەبەستى ئاوەدانکردنەوەى ناوچە سنوورییەکان کە پێشتر زێدى کوردانى فەیلى بووە بەتایبەتى لە زەباتییە و مەندەلی، راشیگەیاندووە هەر دوو ئیدارەکە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دانانى پلانێکى هاوبەش بەمەبەستى دابینکردنى دارایی پێویست، ئاماژەى بەوەشکردووە بڕیاری 426ـى ساڵی 2010 ـى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ قەرەبووى زیانلێکەوتووانى کوردیی فەیلى لەو بوارەدا پشتیوانییەکی باشە بۆ ئەوەى کارەکان بەخێرایی بەڕێوەبچن.

سەبارەت بە ئامارەکانى دی مەندەلاوی چەند زانیارییەکی لەو بارەیەوە خستوەتە روو رایگەیاندووە حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانى عێراق 22 هەزار کەسى لە کوردە فەیلییەکان کوشتووە و هەزارانى ئاوارە و دەربەدەر کردووە، لەو بوارەدا فەیلییەکان مێژوویەکی خۆێناوییان هەیە، بەمەبەستى کۆکردنەوەیان پێشنیازێکیش لەبەردەستدایە کە لیژنەیەک دروستبکرێت بۆ سەردانیکردن و بەسەرکردنەوەى کوردانى فەیلى لە دەرەوەى عێراق ئیتر لە ئێران بن یان لە وڵاتانى دیکە .

سەبارەت بە نەبوونى رەگەزنامەى بەشێک لە فەیلییەکان بەگوێرەى گوتەى مەندەلاوی داوایانکردووە لە وەزارەتى ناوخۆی عێراق ئەو ژمارە فەیلییەى ماوون رەگەزنامەکانیان پێ بدرێتەوە، کە کاتى خۆی حکومەتى بەعس لێی وەرگرتوونەتەوە.

یەکێکى دیکە لە کێشەکانیان نەبوونى بەڵگەنامەی یاساییە بۆ ئەو کەسانەى کە تا ئێستا شوێنبزرن و لەو بارەیەوە گوتى داوایانکردووە لە ئەنجوومەنى دادوەریی کردووە بەڵگەنامەى مردن بدەن بە کەسوکاری ئەو هەزاران کوردەى فەیلییە کە شوێنبزرن، چونکە کێشەى یاسایی زۆریان بۆ دروست دەکات و لە هەمان کاتدا بێبەشیان دەکات لە زۆر بابەتى گرنگ و لێکەوتەى یاسایی بەدواى خۆیدا دەهێنێت.

هەرچۆنێک بێت بە ئاوەدانکردنەوەى زێدى کوردە فەیلییەکان و قەرەبووکردنەوەیان لەو بارەیەوە بەشیک لە کێشەکانیان کەمدەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP