دواین هەواڵ

ئابوری‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

سەفین دزەیی: هەناردەکردنەوەی نەوت تەنیا بڕیاری سیاسی ماوە

هەرێم نیوز 

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت،  قۆناغە تەکنیکییەکانى هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و تەنیا  بڕیاری سیاسی پێویستە لە بەغداوە.

بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن کراوە بە شێوەی کاتی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت تەرخان بکرێت، لە ماوەی دوو مانگیش لایەنی سێیەم هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەم هێنانی نەوت بکات و بە پێی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت پارەی بۆ تەرخان بکرێت.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی تەکنیکیەوە هەموو قۆناغەکانی بڕیوە و لە ڕووی داراییشەوە چارەسەرکراوە، تەنیا پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی هەیە لە بەغدا دەربچێت.

لە کۆبونەوەى دوێنێ سێ شەممەى ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە بە ئاراستەی هەناردەکردنەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کرایەوە.

بەپێی هەمواری یاسای بودجەی عێراق کە لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە دەستپێدەکاتەوە و پارەی کۆمپانیاکانیش لە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت لە شەش دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار بەرزکراوەتەوە، کەچی تا ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستی پێنەکردووە.

2ـی شوباتى 2025 پەرلەمانى عێراق هەموارى یاساى بودجەى گشتیى پەسند کرد کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کرد، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.

بە گوێرەى هەموارى یاسای بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.

لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگایەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP