دواین هەواڵ

ئابوری‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

حکومەتی هەرێم دوایین دەرفەت دەداتە هاوبەشانی کارەبا بۆ دانەوەی قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناکی

هەرێم نیوز

ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بۆ دوایین جار دەرفەتێک بدرێتە هاوبەشانی کارەبا بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە داشکاندنی قەرزی پێش ڕووناکی بە ڕێژەی تاوەکو ٥٠٪.

ماوەی دەرفەتەکە و مەرجەکانی داشکاندن
پڕۆسەی داشکاندنەکە لە ڕێکەوتی ٢٤ی ئەیلوول تاوەکو ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت. ئەگەر ئەو هاوبەشانەی قەرزی پێش ڕووناکییان لەسەرە لەو ماوەیەدا قەرزەکانیان نەدەنەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ قەرزەکانیان دەخرێنە سەر قیستی مانگانە بەبێ هیچ داشکاندنێک، بەگەڕانەوە بۆ ڕاگەیەندراوی پڕۆژەی ڕووناکی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە.

لە دەرئەنجامی ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیراندا، هاوبەشان دەتوانن سوود لەم دەرفەتە ناوازەیە وەربگرن و بڕیار لەسەر شێوازی پارەدانی قەرزی پێش ڕووناکی بده‌ن بەم شێوەیەی خوارەوە:

١. دانەوەی قەرز بە داشکاندنەوە: لە نێوان ڕێکەوتی ٢٤ی ئەیلوول تاوەکو ١٨ی تشرینی یەکەم، هاوبەشان دەتوانن بە ڕێژەی تاوەکو ٥٠٪ سوود لە داشکاندن وەربگرن.
٢. دانەوە بە شێوازی قیست: لە دوای بەرواری ١٨ی تشرینی یەکەم، دانەوەی قەرزی پێش ڕووناکی بە شێوازی قیستی مانگانە دەبێت لە مەودای ٦ تاوەکو ٢٤ مانگدا بە لەبەرچاوگرتنی کەمترین بڕی پارەدان.

لە دوای ١٨ی تشرینی یەکەمەوە، هر قەرزێکی پێش ڕووناکی بە شێوەیەکی خۆکارانە دەکرێتە قیستی مانگانە و دەبێت لەگەڵ پسوولەی مانگانەی کارەبای ڕووناکیدا بدرێت، هەروەها ڕێکاری ماوەی پارەدانی لە ٥٠ ڕۆژدا لەسەر جێبەجێ دەکرێت.

ڕێژەکانی داشکاندن بەپێی سێکتەرەکان
داشکاندنی قەرزی پێش ڕووناکی لە ٢٤ی ئەیلوول تاوەکو ١٨ی تشرینی یەکەم بە هەمان مکانیکیی داشکاندنی پێشوو دەبێت:

٥٠٪ داشکاندن: بۆ هەموو هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی.

٢٥٪ داشکاندن: بۆ هەموو هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری، جگە لەو هاوبەشانەی کە فیدەری تایبەت بە خۆیان هەیە.

مەرجی جێبەجێکردن: داشکاندنەکە تەنیا لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێت کە هاوبەشەکە بڕی تەواوی قەرزی داشکێندراو بە یەکجار بدات لە ڕێگەی ئی-پسوولە یان هۆبەکان لە فرۆشیاری وزە.

ئاماری هاوبەشانی کارەبا
لە کۆی ٢ ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، نزیکەی ٨٠٠,٠٠٠ هاوبەش هێشتا قەرزی کۆنی پێش ڕووناکییان لەسەر ماوە. بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی دوایین دەرفەتی داشکاندن، بە مەبەستی دڵنیابوونەوەیە لە دادپەروەری و کارئاسانکردن بۆ دانەوەی قەرزی پێش ڕووناکی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP