هێمن عەبدولقادر
سی هەزار کەس بەدیار مەرێکەوە دانیشتوون کاوێژ ئەکات و خاوەنی لایڤەکە خەوتووە!! شێت ئێمەین یان ئەوان ؟
...........................................
ئەڵێن بودا بەلای گوندێکدا تێپەڕی ، ئافرەتێک کەمندکێشی قسەکانی بوو ، بانگهێشتی کرد بۆ مالەکەی خۆی ، ئەویش قبوڵی کرد ، وەختێک بوودا بەڕێکەوت بەرەو مالەکە ، خەڵکی چونە بەردەمی بوودا و گوتیان ئەزانی تۆ بۆ کوێ ئەچیت ؟ ئەو ئافرەتە خراپەکار و داوێن پیسە !!
بودا یەکێک لەگوندشینەکانی بانگ کرد و گوتتی دەستتم بەرێ ! ئەنجا گوتی ئێستا بە دەستەکەی ترت چەپڵەیەکی توند لێبدە ، کابرا سەری سوڕما گوتی (هیچ کەسێک ناتوانێت بە تەنها دەستێک چەپڵە لێبدات)
ئەنجا بودا بزیەکی کرد و گوتی (هیچ ئافرەتێک بە تەنها ناتوانێت خراپەکاربێت ، مەگەر ئەوەی کە ژمارەیەک لە پیاوانی گوندەکەش خراپە کار و داوێن پیس بن ) پیاوان و پارەکانیان ، ئەم ژنە و هەژارییەکەی بەکار دەبەن و داوێن پیس و خراپەکارێکی لێدروست دەکەن.
.................................
کورد ئێژێت (شێت خەتەر نییە ، شێتەزا خەتەرە) شێتەزا ، لەسەر وەزنی برازا ، خوشکەزا ، خاڵۆزا ، لە یاسادا (ئەصڵ و فەرع) هەیە ، فەرع ڕێگری بەردەم زۆرێک لە ئەسڵەکانە ، دەتوانێت کێشەی بۆ دروست بکات و دەتوانێت بیشیسەپێنێت.
شێت کێییە ؟ داوێن پیس کێیە ؟ زمانپیس کێییە ؟ ئەگەر هەژارییەک ، هاندانێک ، چەپڵە لێدانێک ، دەستخۆشییەک ، چێژێک ، بیمارییەک، لایکێک ، کۆمێنتێک لە ئێمە و ئەوانی تردا نەبێت
*نزیکەی (دوو ملیۆن و هەشت سەد هەزار کەس) لایکی پەیجێکیان کردووە ، بێ ئەوەی کابرا هیچ هونەر و زانستێکی هەبێت ،تەنها کابرا بەسەر دیوارا سەر ئەکەوێت و لەودیو دێتە خوارەوە پرسیارەکە ئەوەیە دوو ملیۆن و هەشسەد هەزار کەس کێیە ؟
**تازەترین ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانی عێراق دەڵێت کۆمەڵگای ئێمە نزیکەی (شەش ملیۆن کەسین) لەم شەش ملیۆنە ، بەشێکی مندالە ، بەشێکی زیندانە ، بەشێکی نەخۆشە ، بەشێکی لەخانەکانی پیری و بێ سەرپەرشتاندایە ، بەشێکی کاسبی ناوبازار و گەڕیدەی دوای نانە ، هەر نایپەرژێتە سۆشیاڵ میدیا ، کەواتە ئەو ملیۆنان بینەرە کێیە ؟ ئەگەر زۆرینەمان نەبێت
**بەتەنها شەڕی دوو شاجوان و مۆدێلیست لە پێشی ئوتومبێلدا لەسەر ، تەسریحە و ریکلامی مارکێت و جۆرەکانی سووراو موتوو موورو نزیکەی (هەشت ملیۆن) بینەری تێپەڕاندووە ، پرسیارەکە ئەوەیە هەشت ملیۆن بینەر کێیە ؟ ئەگەر هەموومان یان بەشێکی زۆرمان نەبین
**بەتەنها شەڕە جنێوی نێوان دوو هونەرمەند لە گەعدەیەکدا (١٠٠ ملیۆن) بینەری تێپەڕاندووە ، پرسیارەکە ئەوە نییە ئەوان چیان بە یەکتری گوتووە ، بەقەد ئەوەی پرسیارەکە ئەوەیە ئەو سەد ملیۆن بینەرە کێیە ؟
** لە گەڕانێکی خێرادا بەناو یوتیوب و فەیسبووک بەتەنها جگە لە پلاتفۆرمەکانی تر ، نزیکەی (٣٠) هەزار کەس بەدیار سورکردنەوەی هێلکەو ڕۆنەوە دانیشتوون ، (٣٨٠٠) کەس بەدیار شێوازی گوڵە بەڕۆژە تورکاندنەوە دانیشتوون ، نزیکەی (٥ هەزار کەس) بەدیار کورسیەکی منداڵانەوە دانیشتوون ، شوانێک خەوی لێکەوتووە لە کاتی لایڤ کردنەوە نزیکەی (٣٠ هەزار) ئینسان بەدیار کاوێژی مەرەکەوە دانیشتوون ، ئەرێ هەر بەڕاست حەق نییە بپرسین (شێت خەتەرە یان شێتەزا) ، ئەرێ بەڕاست کە هەموومان گلەیمان هەیە ، ئەو ژمارانە کێن ؟
.............................
دز کاتێک (گا)یەک ئەدزێت ، کلک یان شاخی دەبرێت بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە ، خەریکە ناناسرێینەوە ، کلک و گوێ و زەین و ژیان و جوانیمان بڕدراوە ، ئەوەندە گوێمان لە شتی پووچ گرتووە خەریکە ئەوەشی کە فێری بووین و دەیزانین بیرمان دەجێتەوە.
ئەمڕۆ بە ئاستەم مرۆڤ بوێری ئەوە ئەکات باسی (کتێبێک) یان شاکارێکی گەورەی سینەمای و مۆسیقا و تێکستە گەورەکان بکات ، کەس تاقەتی نییە بیخوێنێتەوە ، زۆرجار ئەڵێن بابەتەکە درێژە ، کورە ئەم (کەرە هەر خەریکی کتێبە) ، بەڵام ئامار و داتا و لۆگاریتمی ناو مۆبایلەکانمان پێمان دەڵێن کە هەفتانە بە دەیان سەعات بە دیار (شەڕ و سوراو و خەو و مەڕ و کورسی و جنێو و جۆرەکانی جڕت و سوکایەتییەوە دادەنیشین) بێ ئەوەی بەکەس بلێین درێژە ، ئازار دەرە ، ئەرێ هەر بەڕاست حەق نییە بپرسین (ئەوان شێت و ترسناکن) کە وان ، یان ئێمە ؟
حەمدی ئەڵێت :-
(تەربیە و تەعلیم ئەباتە ریزی ئینسان وەحشیان
بێ عیلم ئینسان لە ژێر بارا خەریکی میحنەتە )
زانست ، پەروەردە ، شێرێکی ترسناک و دڕندەش نەرم و نیان ئەکات ، بێ پەروەردە و زانست ، مرۆڤیش دەبێتە دڕندە و خراپە و ترسناک ، ئەگەر جارێک لەوان بپرسینەوە ، حەق نییە سەدان جار لە خۆمان پرسین ئەرێ ئەو ژمارانە کێن ؟
(بەچکەی مەلەوانیش لە ئاودا ئەخنکێ) ، باخۆمان مەلەوانێکی باش و زاناش بین ئەوەی بکەوێتە ناو ئەو ژمارانەوە ئەخنکێ ، لە منداڵمان ، لە دەرونمان ، لە خێزانمان ، لە ئارامیمان.
باسی نالی و مەحوی و سالم و کوردی و حەمدی و خانی بکە ، گاڵتەت پێئەکەن و مەجلیسەکە و نوسینەکە تێدەپەڕێنن ، بەڵام بڵێ فڵان وا ئەڵێت نیوسەعات شەن و کەوی ئەکەن و ئەڵێن ئا لینکەکەیم بۆ بنێرە
کابان لە کەوگیریدا دیارە و بیماری ئێمەش لە ژمارەکان.
ئاگر هەرگیز ناکرێتەوە ، ئەگەر ئۆکسجینێک نەبێت ،کاڵایەک نافرۆشرێت ئەگەر مشتەری و کڕیارێکی نەبێت ، خراپەکارییەک هەرگیز ناکەوێتەوە ، ئەگەر بینەر و بیسەر و لایک و کۆمێنت و تەماشاکاری نەبێت
نوقتە سەری دێڕ .....
..........................................................
(اوصیکم ونفسی) یەکەمجار رووی دەمم لە خۆمە پاشان لە خەڵکی تر کە هەڵوێستەیەک بکەین
*یەک ملیۆن و سێ سەد هەزار کەس بۆ ماوەی (٤ خولەک) سەیری خانمە مۆدێلێکیان کردووە کە ددانی ئاسایی خۆی گۆڕیوە بۆ شێوازی (ئەڕنەبی) لە کاتێکدا درێژترین وتاری نوسراو سێ خولەک ناخایەنێت ، هەر بەڕاستی شێت خەتەرە یان شێتەزا ؟ ئێمە شێتین یان ئەوان ؟