دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 2 هەفتە

دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق پەخشکردنی درامای معاویەی لە کەناڵی "ئێم بی سی عێراق " قەدەغە کرد

هەرێم نیوز 

دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، پەخشکردنی درامای معاویەی لە کەناڵی 'ئێم بی سی عێراق' قەدەغە کرد.

ئەمڕۆ شەممە 1ـی 3ی 2025، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاری قەدەغەکردنەکە لەسەر بنەمای ئەو دەسەڵاتە یاساییانەیە کە بەپێی فەرمانی یاسایی 65ـی ساڵی 2004ی کارپێکراو پێی بەخشراوە.

دەستەکە ڕایگەیاند: "پەخشکردنی ئەو درامایە مێژووییانە ڕەنگە ببێتە هۆی هاندان بۆ ناکۆکی تائیفی، کە مەترسی لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی دروست دەکات و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، بە تایبەتی لە مانگی ڕەمەزاندا".

هاوکات، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، داوای لە هەموو دامەزراوە مێدیاییەکان کردووە، پابەند بن بە ستانداردە پیشییەکان و خۆیان لە پەخشکردنی ئەو بابەتانە بەدوور بگرن، کە ڕەنگە بێتە هۆی فیتنە یان ناکۆکی تائیفی.

ئەوەش هاتووە، بۆ ئەم مەبەستە نووسراوێکی فەرمی بۆ بەڕێوەبەرایەتی کەناڵی 'ئێم بی سی عێراق' نێردراوە و داوای لێ کراوە پابەندی بڕیارەکە بێت و دراماکە پەخش نەکات.

جەختی لەوەش کردەوە، ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بەرانبەر هەر کەناڵ و لایەنێک دەگیرێتەبەر ئەگەر پێشێلی یاسا مێدیاییەکان بکات کە لە وڵاتەکە کاری پێ دەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پاش دوو ساڵ ڕاگرتن، دواجار تۆڕی کەناڵەکانی MBC زنجیرە درامای "معاویە"ی لە خشتەی بەرنامەکانی مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، ئەم زنجیرەیە کە تێچووەکەی 100 ملیۆن دۆلارە و باس لە ژیانی معاویەی کوڕی ئەبوسوفیان دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەمەوی دەکات، پێشتر لەژێر گوشاری هێزە شیعەکاندا پەخشکردنی ڕاگیرا



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP