دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 2 هەفتە

ڕۆحی تیرۆریزم - بۆدریار لە یاد مەکە -

شوان ئەحمەد

ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی (وشەکان و شتەکان - ١٩٦٦) کە نێو و نێوبانگێکی زۆری بۆ میشێل فوکۆ پەیداکرد، لە گۆڤاری(ڕەخنە)ی فەرەنسی دا، ژان بۆدریار وتارێک بڵاو دەکاتەوە، وتارێک بە تایتڵێکی ئیستیفزازی و سەرنج ڕاکێشەوە(فوکۆ لە یاد بکە)، ئەڵبەت دواتر و پاش ساڵانێک ئەو کورتە وتارە دەکاتە نامیلکەیەک.

پەلاماردانی بیرمەندێکی خاوەن پێگە و سەرمایەی ڕەمزی گەورەی وەک میشێل فوکۆ لەو سەردەم و زەمانەدا، بوێری و جەسارەتێکی زۆری ویستووە و باجی قورسی بە دواوە بووە.
ڕەنگە بێبەشکردنی بۆدریار لە وانە وتنەوە لە نێو ناوەندە ئەکادیمییەکانی فەرەنسا، توڕەکردن و پەلاماردانەوەی، لەلایەن لایەنگر و هەوادارانی فوکۆوە و کەنارخستنی، بە شێک بووبن لەو باجە قورسەی بۆدریار لە پای نوسینی ئەو وتارەیدا دابێتی.

ئەو ڕستە پڕ لە تەوس و تەنز ئامێزەشی، فوکۆ لە بەرامبەر ژان بۆدریاردا بەیانیکرد( هەرچی جارێک بیر لە بۆدریار دەکەمەوە، دەردی سەریەکانم زیاتر دەبن)، ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕۆڵ و کاریگەری خۆی هەبوو بێت، لە زیاتر کەنارگیرکردن و پەراوێز خستنی ئەودا.

بۆ خۆم وەک خوێنەرێک سەردەمانێک ، ئەو ڕستەیەی خاوەنی (وشەکان و شتەکان) ڕۆڵی هەبووە لەوەی، مەسافەیەک لەو بیرمەندە قوڵ و ورد و کاریگەرەی پۆست مۆدێرنە وەربگرم و نوسینەکانی بە فەرامۆشی بسپێرم.

بەڵام سەروەختێک لە ئایدیا و بیر و بۆچون و پرۆژە فیکریەکەی نزیک دەبیتەوە و دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەیت، تێدەگەیت سەنگ و قورسایی ئەم بیرمەندەی سەرسەختانە کون و قوژبنی ژیانی نوێ و واقیعی مەجازی دەپشکنێ، هیچی لە ڕۆڵ و پێگەی کەسانی وەک : (ژیڵ دۆلۆز و میشێل فوکۆ و ژان فرانسوا لیوتارد و ژاک دێریدا) کەمتر نییە کە هەموویان سەر بەو بەریانەن، بە بیریارانی پۆست مۆدێرن ناودێر دەکرێن.

خۆشبەختانە لە ئێستادا، دوو بەرهەمی گرنگی ئەم کۆمەڵناس و بیرمەند و ڕەخنەگرە سەرسەختەی کۆمەڵگەی پۆست مۆدێرن ، لە پاڵ چەند دیدار و وتارێکی دیکەیدا، لەبەردەستی خوێنەرانی ئێمەدایەو دەتوانن لەو ڕێیەوە، کەم تاکورتێک ئاشنای هێڵە گشتییەکانی بیرکردنەوەی ئەو بن.

هەوڵی یەکەمجاری وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەو و پەلکێشکردنی یەکێک لە سەرنج ڕاکێشترین بیرمەندە ڕەخنە گرەکانی دنیای ئەمڕۆ، بۆسەر زمانی کوردی و بۆ نێو کایەی ڕۆشنبیری کوردی، بۆ هەوڵی برای ئازیز کاکە (سامان عەلی حامید)، دەگەڕێتەوە.

ساڵی ٢٠١٤ ڕۆحی تیرۆریزمی (کە بۆدریار مانگ و نیوێک دوای ڕووداوەکانی یانزەی سێپتەمبەر نووسیویەتی)، کردووە بە کوردی.

هەڵبژاردن و دۆزینەوەی بیرمەندێکی وەک ژان بۆدریار و وەڕگێڕانی یەک لەبەرهەمە گرنگەکانی، پەیبردن و تێگەیشتنە لە یەکێک لەو ڕەخنە گرانەی کە بەوردی دەستنیشانی کەلێن و دەردەسەریەکانی دنیای ئەمڕۆ و مرۆڤی ئەم سەردەمە دەکەن.

لە کتێبی (ڕۆحی تیرۆریزم)یشدا، بە شێۆەیەکی جیاواز خوێندنەوە بۆ ئەو دیاردە ترسناکە دەکات کە لە سەردەمی جیهانگیری و لە بەراییەکانی سەدەی بیست و یەکدا ، دەبێتە هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە.

لە نێوان بانگەشەی (فوکۆ لەیاد بکە) و پاشانیش ( بۆدریار لەیاد بکە) کە ماوەیەک لە نێوەندی ڕۆشنبیری فەرەنسیدا بابەتێکی گەرم و جێی مشتومڕ بووە، بۆ ئێمە و بۆ کایەی ڕۆشنبیریی کوردی، پێویستمان بە بیرهێنانەوە و لەیادنەکردنی هەردووکیان هەیە. وەک دوو سەرچاوەی گرنگ و ژێدەری بیرکردنەوەی تایبەت، بۆ تێگەیشتن لەوەی لە واقیعی دنیای نوێدا دەگوزەرێت. 
کەمتر ببینە



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP