دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 1 هەفتە

"با لە سەگ ساردترە من لە تەنیایی" ئەزموونێکی نوێی شیعریی شوعەیب میرزایی

ئارام سدیق

یەکێک لەو شاعیرە نوێخواز و مۆدێرنیستانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شاعیر و ڕەخنەگر "شوعەیب میرزایی"ـە، ئەو دانیشتووی شاری سنەیە و شاعیرێکە لە دیدگایەکی جیاواز و بە خەم و خەونی جیاوازەوە دەنووسێت و هەوڵ دەدات کار لەو ڕووبەرە شیعریانەشدا بکات، کە کاری تێدا نەکراوە. ئەمە بێجگە لەوەی هەمیشە دەیەوێت وەکو ئەزموونگەرێک شتێ نوێ تاقیبکاتەوە و ڕووبەرەکانی شیعر لە تاکزمانی و تاکواتایی و تاکبینی ڕزگار بکات و شیعر بەڕووی زمانی دیکە و مانای دیکە ئاشنا بکات و لە تاکبینی و تاکدیدگایی ڕزگاری بکات.
شیعر لای میرزایی تەنها پانتاییەکی دیاریکراو داگیر ناکات، بەڵکو لە هەوڵی داگیرکردنی زۆرترین پانتاییدایە بۆ ئەوەی مانای دیکە لە هەر پانتاییەکدا بۆخۆی بەرهەم بهێنێت. واتە هەر دالێک لای میرزایی تەنها یەک مەدلوولی نییە، دالێک هەمیشە دەشێ فرەمەدلوول بێت، کە هەر ئەمەشە ئەرکی شیعری ڕاستەقینە، کە میرزایی دەیەوێت کاری لەسەر بکات. وشە لەنێو دەقی میرزاییدا هێزێکی زیاتری هەیە. هێزگەلێک لە خۆدەگرێت کە ڕیشەیان لەنێو زمانی دیکە (جگە لە زمانی کوردی) و ڕووداو و کارەساتی دیکەدایە، (چیرۆکە ئاسمانییەکان)، یان ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکە ئەفسانەیی و میتۆلۆژییەکان.

"با لە سەگ ساردترە من لە تەنیایی"؛ ئەزموونێکی نوێی شیعریی شوعەیب میرزاییە و لەلایەن خانەی ڕۆنانەوە لە دوتوێی 80 لاپەڕەدا بەچاپ گەیەنراوە. ئەم ئەزموونە نوێیە ئەگەرچی درێژکراوەی ئەزموونەکانی پێشووتری شاعیرە، بەتایبەت کتێبی شیعریی "شەوێ بەم بێ شارییە عەتا زامدارە و گورگەکانی خانمی 1968" و "تارانەکانی ئەم پێستەم ئێش ئەکا"، بەڵام لەگەڵ ئەم درێژبوونەوەیەدا هەست بە کامڵبوون و پتەوبوونی ئەزموونەکە دەکرێت. هەر شاعیرێک ناتوانێت لە تەنها کتێبێکدا، یان دوو کتێبدا ڕەنگڕێژی ئەزموونەکەی بکات (بێگومان جگە لە حاڵەتی ئاوارتە، یان ئەو شاعیرە ئیدی شیعر نەنووسێت)، بەڵکو بۆ چەسپاندنی هەر ئەزموونێک پێویست بە چەند کتێب و ئەزموونی جیا جیا دەکات، تا سیماکانی ئەو ئەزموونە شیعرییە و تایبەتمەندییەکانی بۆ خوێنەر بەدیار بکەوێت. شوعەیب لەم کتێبەدا هەوڵی نەخشاندنی تەواوەتی ئەو سیمایانەی ئەزموونە شیعرییەکەی دەدات. هەرچەندە من قایل نیم بەم سیمایەی ئێستا و چاوەڕوانی ئەوەم، کە ئەزموونەکەی بەردەوام بێت لەگەمەکانی و لە ڕووبەری دیکەدا و لەنێو سەرزەمینی شیعریی نوێ و بە موفرەدە و یاری شیعریی نوێوە بە دەوڵەمەندتری بیبینم و هەر ئەمەش لەم شاعیرە چاوەڕوان دەکرێت.

هەمیشە ئەو قسەیەم لەبەرچاوە، کە هیچ ئەزموونێکی شیعریی کامڵ نییە و بەردەوام پێویستی بە تەواوکاریی هەیە، ئەمەش لەبەرئەوەیە، کە داهێنان و نوێبوونەوە ناوەستێت، هەر شاعیرێک لە جێگەیەکدا هەستی ئەوەی هەبوو گەیشتووەتە لوتکە، یان ئەوەی ویستوویەتی بینووسێت، ئەنجامی داوە، ئەوە جاڕی مەرگی خۆی و زیندووێتی ئەزموونەکەی دەدات. بۆ ئەزموونە شیعرییەکەی میرزاییش هەمان بۆچوونم هەیە، ئەگەر لێرەدا بوەستێت ناڵێم شتێکی نوێی پێشکەش نەکردووە، بەڵام پێویستی بە بەردەوامی و کارکردنی زیاتر و زیاتر هەیە بۆ ئەوەی لە ڕووبەری دیکەدا گەمەکانی تاقی بکاتەوە.

دەستخۆشی بۆ ئەم ئەزموونە شیعرییە تایبەت و گرنگە. بەهیوام بتوانم لە دەرفەتی دیکەدا هەڵوەستەی زیاتری لەبارەوە بکەم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP