هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، پەیامی بۆ داعش و هەمو ئەوانەی كە رەنگە هێرش بكەنە سەر ئەمریكییەكان ئەوەیە؛ "دەتاندۆزینەوە و دەتانكوژین". دەشڵێت، "ئەم بەیانییە فەرمانمكرد بە وەشاندنی گورزێكی ئاسمانی سەربازیی ورد بۆ سەر پلاندانەرێكی باڵای هێرشەكانی داعش لە سۆماڵ".
دۆناڵد ترەمپ، ئەمشەو لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، "ئەم بەیانییە فەرمانمكرد بە وەشاندنی گورزێكی ئاسمانی سەربازیی ورد بۆ سەر پلاندانەرێكی باڵای هێرشەكانی داعش و تیرۆریستانی دیكە، كە رێكیخستبون و لە سۆمالەوە سەركردایەتی دەكرا".
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەم بكوژانەمان لە ئەشكەوتەكاندا دۆزیوە، خۆیان حەشاردابو، هەڕەشەیان لە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانمان دەكرد. گورزەكە ئەو ئەشكەوتانەی خاپوركرد كە تیایدا دەژیان، چەندین تیرۆریست كوژران بەبێ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك زیان بە هاوڵاتیانی مەدەنی بگەیەنن.
ترەپ باسی لەوەشكرد، "سەربازانی ئێمە ساڵانێكە ئەم پلاندانەرەی داعشی كردوەتە ئامانج، بەڵام بایدن و هاوڕێكانی بەو خێراییە مامەڵەیان نەدەكرد بۆ ئەوەی كارەكە ئەنجام بدەن. منیش ئەوەم كرد، پەیامم بۆ داعش و هەمو ئەوانەی تر كە رەنگە هێرش بكەنە سەر ئەمریكییەكان ئەوەیە؛ دەتاندۆزینەوە و دەتانكوژین".