دواین هەواڵ

جیهان‌

 41 خولەک پێش ئێستا

مەسعود پزیشکیان: ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا ڕێکبکەوین گەرووی هورمز بۆ بازرگانی ئازاد دەکەین

هەرێم نیوز

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، گەرووی هورمز بۆ بازرگانیی ئازاد دەکرێتەوە، بەڵام بەتوندی ڕێگری لە گواستنەوەی چەک و کەرەستەی سەربازی دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 26ـی 9ـی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پێش گەڕانەوەی لە شاری نیویۆرک، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (جەزیرە) سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز ڕایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا بگەنە ڕێککەوتن، گەرووەکە بۆ بازرگانیی ئازاد دەکرێتەوە.

 هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە تاران ڕێگە نادات ئەو کەشتییانەی هەڵگری چەک و کەرەستەی سەربازین بۆ "هەڵگیرساندنی ئاگر لە ناوچەکەدا" بەو ڕێڕەوەدا تێپەڕ بن.

 پزیشکیان وتیشی: "ئەگەر کرۆکی کێشەکە کۆتایی بێت، گەرووی هورمز بۆ بازرگانی ئازاد دەبێت، بەڵام بۆ گواستنەوەی چەک، تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی ئازاد نابێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی لە کاردانەوە بەرامبەر بە گەمارۆی دەریایی، گەرووی هورمزی داخستووە، و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم پرسە تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەکرێت، نەک بە "زۆرەملێ و خۆسەپاندن".

 هەروەها ئاشکرای کرد کە ئێران و وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن بۆ پاراستنی ئاسایشی کەنداو هاوکاریی یەکتر بکەن. 

جێی باسە، ئەم لێدوانانەی پزیشکیان پێش ئەو بڕیارەی دۆناڵد ترەمپ بوون، کە تێیدا پێشنیازەکەی تارانی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی حەوت ڕۆژدا ڕەتکردەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP