هەرێم نیوز
عومەر دۆستری، وتەبێژی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ لە هەوڵی ڕێککەوتندایە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بەڵام دواجار دیپلۆماسی سنووری خۆی هەیە. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل ئەگەر پێویست بکات، بە ڕەزامەندی ئەمریکا یان بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکا، ڕێوشوێن لە دژی ئەو بەرنامەیە دەگرێتەبەر.
دۆستری ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، وتی: شەڕ یەکێکە لە ڕێگاکانی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی کە "ڕاگرتنی خواستە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە".
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئێران بە بێ هێرشی ئیسرائیل بەرنامە ئەتۆمییەکانی خۆی ڕابگرێت، شتێکی نایاب دەبێت، بەڵام ئیسرائیل لەو باوەڕەدا نییە.
دوای سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، خەڵک و بەرپرسانی نزیک لە ترەمپ باسیان لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ سیاسەتی "زۆرترین فشار"ی واشنتۆن لە دژی تاران کردووە و ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران خرایە ڕوو.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئاگادار، بڵاویکردەوە کە بەشێک لە ئەندامانی تیمی ترەمپ کە تاوتوێی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکەن، بە جددی هەڵسەنگاندن بۆ بژاردە بەردەستەکان دەکەن بۆ ڕێگریکردن لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، لەوانەش تاوتێی ئەگەری "بە هێرشی ئاسمانی پێشگیرانە"ش دەکەن.
ئەگەرچی وتەبێژی ناتانیاهو ڕاشیگەیاند، ترەمپ هەمیشە بە "عەقڵیەتی بازرگانی" سیاسەتی دەرەوەی پەیڕەو کردووە و ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران مومکین بێت، هەوڵی گەیشتن بەو ڕێکەوتنە دەدات.