هەرێم نیوز
ئەمڕۆ هەینی، دەسەڵاتدارانی سووریا، ڕایدەگەیەنێت، كە عاتف نەجیب، بەرپرسی ئەمنیی پێشتری یەكێك لە شارەكانی سووریایان دەستگیر كردووە، كە تۆمەتباری بە ئەنجامدانی چەندین تاوان.
بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، لە پرۆسەیەكی تایبەتدا، كە دەزگای ئەمنی گشتیی سووریا جێبەجێی كردووە، عاتف نەجیبیان لە گوندەواری لازقیە دەستگیر كردووە.
عاتف نەجیب، تۆمەتبارە بە هەڵگیرسێنەری ناڕەزایەتییەكانی سووریا لە ساڵی 2011ـدا.
رۆژنامەی وەتەنی سووریا، وەك یەكەمین میدیای ئەو وڵاتە هەواڵەكەی بڵاوكردوەتەوە.
چالاكان و میدیاكانی سووریا، وێنەی عاتف نەجیبیان لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاوكردەوە، كە پشتڕاستی دەكەنەوە، ئەوە چركەساتەكانی سەرەتای دەستگیركردنیەتی.
نەجیب، یەكێك لە دیارترین ئەفسەرانی سەردەمی ئەسەد بووە و هۆی سەرەكیی هەڵگیرسانی شۆڕشی سووریا بوو، كە ئەو كات بەرپرسی لقی سیاسیی پارێزگای دەرعا بوو.
نەجیب كوڕە پووری بەشار ئەسەدە و بە گوێرەی زانیارییەكانی لێكۆڵەری سووری (ئەحمەد ئەبا زیاد) یەكەم ئەفسەرە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داوای لادران و لێپرسینەوەی لێ كراوە.
لەو شارەی نەجیب بەرپرسی ئەمنیی بوو، لە 15ی ئاداردا 15 قوتابی دەستگیر كران، بە گومانی ئەوەی دروشمی شۆڕشیان لە دیوارەكانی شار هەڵواسیوە، ئەشكەنجەی زۆر دران و نینۆكیان لێ كرایەوە، نەجیب تۆمەتبار كرا بە ئەنجامدانی ئەو كارە.