هەرێم نیوز
شاندێكی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕو گەیشتنە دورگەی ئیمرالی بە مەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ جاری دوەم.
ئەمڕۆ چوارشەممە، میدیاكانی باكوری كوردستان بڵاویانكردوە، شاندەکەی دەم پارتی كە لە پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئۆندەر پێکهاتوە جارێكی دیكە سەردانی دورگەی ئیمرالیان كردوە بەمەبەستی كۆبونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان.
لە كۆبونەوەی ڕابردودا، عەبدوڵا ئۆجەلان داوای كردبو كە ئەحمەد تورك، سیاسەتمەداری دێرینی كورد لە باكوردی كوردستان ببێتە یەكێك لە ئەندامانی شاندەوە و ئەو سیاسەتمەدارە لە كۆبونەوەی شاندەی دەم پارتی لەگەڵ لایەن و كەسایەتیەكانی توركیا بەشداربو، بەڵام بەگوێرەی میدیاكانی باكوری كوردستان، "ئەمڕۆ یەكێك نیە لە ئەندامانی شاندەكە بۆ ئیمرالی".
ئەمەش لە کاتێکدایە، یەکەم کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان؛ ڕۆژی شەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوە چوو و دواتر ئەو پارتە کوردییە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی دیدارەکەیان بۆ ڕای گشتی خستە ڕوو کە لە چەند خاڵێک پێک هاتبوو.
لەو دیدارەدا، ئۆجەلان ڕایگەیاند "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، چونکە سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."
دوای دیدارەکە، شاندەکەی دەم پارتی بۆ خستنەڕووی ئەنجامی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان؛ بە جیا لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کۆ بوونەوە. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانیش، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختیان کردەوە، هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەرێنی بووە.