هەرێم نیوز
بەهۆی تەواو نەبوونی نیسابی یاسایی ئەمڕۆ چوارشەممە، نەتوانرا کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، و کۆبوونەوەکە هەڵوەشایەوە. سەرۆکی کاتیش دەستبەرداری پۆستەکەی بوو.
محەممەد سلێمان بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولە نوێیەی پەرلەمانی کوردستانە، هەر بۆیە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، لە یەکەم دانیشتن دا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی پێدرا.
دوای هەڵگرتنی کۆبوونەوەکە، محەممەد سلێمان، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەک ناڕازەیەتییەک لە بەرانبەر هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، دەستبەرداری پۆستە کاتییەکەی بوو.
بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانیش، ئەگەر بەتەمەنترین پەرلەمانتار بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی کاتیی پەرلەمان بوو، دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتیی دانیشتنەکان دەکات تاوەکوو دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت. بەم پێیەش، لەم خۆلەی پەرلەماندا؛ ئازاد محەممەد ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنیی یەکێتی دەبێتە سەرۆکی کاتیی پەرلەمان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 21ی1ی2025، محەممەد سلێمان، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان لە یاداشتێکدا داوای لە پەرلەمانتاران کرد، کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی1ی2025، لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە ببن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.