دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

دەستەى گشتیى ناوچە کوردستانییەکان: دوای زیاتر لە نیو سەدە، زەوی و زاری بۆ خاونی کوردەکان گەڕێندرانەوە

هەرێم نیوز
دەستەى گشتیى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم ڕایگەیاند، سەرئەنجام دوای زیاتر لە نیو سەدە، زەوی و زاری ناوچەکە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی لە کورد و تورکمان گەڕایەوە. 

 دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمدا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێ شەمە ٢١-١-٢٠٢٥ پەرلەمانی عێراق، دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی سەرکردایەتی شۆڕشی لەناوچوویی بەعس دەرکرد و سەرئەنجام دوای زیاتر لە نیو سەدە، زەوی و زاری ناوچەکە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی لە کورد و تورکمان گەڕایەوە.

باسی لەوەشکرد، ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی هەوڵی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و سەرجەم کاربەدەست و وەزیر و پەرلەمانتارانی کوردستانە لە بەغداد. ئێمەش لە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان پێمانوایە ئامانجێکی گەورەمان بەدیهات کە ماوەیەکی زۆرە تەواوی هەوڵەکانمان لە هەولێر و لە بەغداد بۆی تەرخان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە ئەم هەنگاوە گیانی کاری پێکەوەیی نێوان پێکهاتەکانی عێراق قوڵتر و ڕووبەری متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان فراوانتر دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی تەواوی خەڵکی کوردستان بەگشتی و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەتی دەکەین، بە ئومێدەوە چاوەڕێی هەوڵ و کۆششی زیاترین تا بەدیهاتنی تەواوی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوردا و لەپێش هەمووشیانەوە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری هەمیشەی عێراق.

ئاشکراشیکرد، ئەوەش بە بیری هەموو لایەک دەهێنینەوە هەوڵی پێکەوەیی و خەباتی هاوبەشمان گەرەنتی پاراستنی کوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە بەدینەهاتووەکانمانە، ئەو دەستکەوتەی ئەمڕۆش لەم چوارچێوەیەدا بەدیهات



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP