هەرێم نیوز
بەهۆی کارکردن لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر، دوێنێ هەینی پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانیان کەمی کرد و ێستا دۆخی پەستانی غاز ئاسایی بووەتەوە.
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە کاتژمێر 8:00 بەیانییەوە پەستانی غاز بۆ ویستگەکانی غازی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بووەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، کۆمپانیای دانەغاز چاکسازییەکانی لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ تەواو کرد و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بوەوە و ئێستا 3750 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت.
ئەوە لەكاتێكدایە شەوی ڕابرد وەزارەتی كارەبا لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەكەینەوە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ بەرهەمهێنانی غاز، بۆ ماوەی 10 كاتژمێر پەستانی غاز كەمبوەتەوە و بەهۆیەوە 750 مێگاوات كارەبا كەمبوەتەوە.
دەشڵێت، "بەهۆی هەندێک گرفتی تەكنیكییەوە کارەکان دواكەوتوە و بەپێی ئەو پلانەی كۆمپانیای دانەغاز دایناوە بڕیارە تا كاتژمێر (8:00)ی بەیانی رۆژی شەممە دۆخەكە ئاسایی بێتەوە و تیمەكانی كۆنتڕۆڵی كارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بڕی 250 مێگاوات كارەبایان لە هەردو وێستگەی دوکان و دەربەندیخان زیاد كردوە".