هەرێم نیوز
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایدەگەیەنێت، "ئەمڕۆ 12 هاووڵاتیی خەڵکی هەرێمی کوردستانمان گەڕاندەوە کە نزیکەی دوو مانگ بوو لە لیبیا گیریانخواردبوو".
رۆژی هەینی، ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا راگەیاند: "دوای نزیکەی دوو مانگ هەوڵ و بەدواداچوونمان، ئەمڕۆ توانیمان 12 هاووڵاتی کە لە رێگەی نایاساییەوە بۆ گەیشتن بە ئەورووپا لە لیبیا گیریان خواردبوو، بگەڕێنینەوە بۆ عێراق."
ئەو 12 کەسە خەڵکی هەرێمی کوردستانن و بە مەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا ئەو رێگەیەیان گرتبووەبەر، بەڵام لە لیبیا گیریان خواردبوو و حکومەتی لیبیاش لە کامپێکی تایبەت بە پەنابەران لە ناوچەی تاجوورای پایتەختی وڵاتەکە نیشتەجێی کردبوون.
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێت: "باڵیۆزخانەی عێراق خواردن، پێداویستی رۆژانە و پزیشکی بۆ دابین دەکردن. دوای هاوئاهەنگیکردنمان لەگەڵ حکومەتی لیبیا، کاژێر 04:30ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە گەڕێندرانەوە."