هەرێم نیوز
مەزڵوم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لە بارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بارزانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی جێگەی خۆشحاڵی بوو.
ئەمڕۆ هەینی 17-1-2025 مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" رایگەیاند، دیدارەکەی لەگەڵ بارزانی جێگەی دڵخۆشی بووە، گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا کردووە و بە هاوبەشی جەختیان لە یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد کردەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بە پێویستیان زانیوە لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق دەبێت پارێزگاری لە مافەکانی گەلی کورد بکات.
ئەم پەیامە دوای ئەوە دێت، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە لە سەلاحەددین، بارزانی پێشوازی لە مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.
بارەگای بارزانیش پاش کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە: لەم دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
بارزانی لەو دیدارە گرنگەدا جەختی لەوە کردەوە:" کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە."
لە ئێستادا کە حکومەتێکی ئینتقالی لە سوریا بەسەرکردایەتی دەستەی تەحریر شام پاش ڕووخانی بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵاتە، قۆناغێکی گرنگ و هەستیارە بۆ کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.
کۆبوونەوەی بارزانی و مەزڵوم لە بەگەرمی لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لێکرا و بەهەنگاوێکی ئەرێنی و پێویست و گرنگ دادەنرێت بۆ پتەوکردنی دەنگە جیاوازەکان و یەکخستنی دەنگی کورد بەمەبەستی بەدەستهێنانی مافەکانیان لە حکومەتی داهاتووی سوریا.