دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

هەرێم نیوز 

په‌رله‌مانتارێكی پارتی ئاشکرایکرد، لە سه‌ره‌تای مانگی داهاتوودا پارتی و یه‌كێتی كۆده‌بنه‌وه‌، دەشڵێت، گۆڕانكارییه‌كانی ناوچەکه‌ وا ده‌خوازێ لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ ڕێکكه‌وتن و  پارتیش له‌گه‌ڵ سازان و ڕێکكه‌وتنه‌.

عوسمان قادر، په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ڕێکكه‌وتنی سیاسی، ئێمه‌ وه‌ك پارتی ته‌مه‌ننای ئه‌وه‌مان ده‌كرد له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵبژێردرێت، به‌ڵام نه‌بوونی ڕێکكه‌وتن له ‌نێوان لایه‌نه‌كان به‌ تایبه‌تی له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی، بووه‌ هۆی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، هاوکات له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتوودا پارتی و یه‌كێتی كۆده‌بنه‌وه‌، به‌و هیوایه‌ی بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك، پارتیش مكوڕه‌ له‌سه‌ر په‌له‌كردن له‌ دیاریكردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، تا په‌رله‌مان بكه‌وێته‌ سه‌ر كاری خۆی.

ئاماژەی بەوەش کردووە، گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێت، هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ خاوه‌ن حكوومه‌تێكی نوێ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان بڕۆین و ئاماده‌كاری بۆ قۆناغی داهاتوو بكرێت، چونكه‌ ڕێكخستنی ناو ماڵی كورد زۆر پێویسته‌، بۆ ئه‌وه‌ی لە گۆڕانكارییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كورد مامه‌ڵه‌یەكی باش بكات و ڕووداوه‌كانیش به‌ قازانجی كورد بشكێنه‌وه‌، ده‌رفه‌تێكی زێڕین له‌ پێش كورده‌ و پێویستی به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كگوتاری هه‌یه‌.

وتیشی، گه‌شبینم پارتی و یه‌كێتی ده‌گه‌نه‌ ڕێکكه‌وتن، چونكه‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان هه‌ست به‌ ناسكیی قۆناغه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ته‌مه‌نناش ده‌كه‌ین ڕێکكه‌وتن بكرێت، به‌ تایبه‌تی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی حزبایه‌تییان به‌لاوه‌ بنێن و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كوردستان له‌به‌رچاو بگرن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت، ئه‌وه‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكدێت.

 عوسمان قادر باسی لەوەش کردووە، ئه‌گه‌ر ڕێکكه‌وتن نه‌كرا ڕێكاری دیكه‌ش هه‌ن، بۆ نموونه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ئه‌گه‌ر كاتییش بێت ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان دیاری بكرێت، تا نه‌كه‌وینه‌ ژێر لێپرسینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و یاسایی، هەروەها هه‌رێمی كوردستانیش له‌و قۆناغه‌ ڕزگار بكرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP