هەرێم نیوز
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ڕووسیا ئەفسەرانی ڕژێمی ئەسەدی لە بنکەی حمێمیەوە بۆ باکووری ئەفەریقا گواستووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی 12ی 2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هێزەکانی ڕووسیا لە بنکەی حمێم، لە ڕۆژانی 8 و 13 و 14ـی ئەم مانگە، دەیان ئەفسەری پلە باڵا و کەسایەتیی ڕژێمی بەشار ئەسەدی لە سووریاوە بۆ بنکەیەک لە باکووری ئەفریقا گواستووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەیەک لەو ئەفسەر و کەسایەتییانە لە لیستی سزاکانی ئەمەریکا و ئەورووپادان.
ئەمەش لەکاتێکدایە، چوارشەممە، 27-11-2024، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد جۆلانی هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، بەرەبەیانیی، یەکشەممە، 08-12-2024، چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنا، بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا بەرەو رووسیا هەڵات.
هەروەها، لەگەڵ گەیشتنە دیمەشقی پایتەخت، حکومەتی کاتی پێکهێنرا و سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوریا لە مەراسیمێکدا بە سەرپەرشتیی ئەحمەد شەرع دەسەڵاتەکانی رادەستی محەمەد بەشیر کرد.