هەرێم نیوز
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە هۆشداریی دا کە ئیسرائیل بەرامبەر بە حوسییەکان بە چڕی و توندی ڕەفتار دەکات، بەهەمان شێوەی کە لەگەڵ هێزە بەوەکالەتەکانی دیکەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەفتاری کردووە.
ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل دەنووسێت کە ئەم لێدوانانە ئاماژەن بۆ ئەگەری دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانتر لە دژی گروپە بە وەکالەتەکانی حکومەتی ئێران. ئەو هۆشدارییە دوای ئەوە هات، ڕۆژی شەممە مووشەکێکی بالستیکی لەلایەن حوسییەکانەوە ئاراستەی گۆڕەپانێکی یاری منداڵان لە تەلئەبیبی ئیسرائیلە کەوتەخوارەوە.
هاوکات کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، بەرپرسانی باڵای بەرگریی ئەو وڵاتە پێیان وایە؛ لە جیاتی هێرشکردنە سەر گرووپی بە وەکالەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەمەن، دەبێت "کردەوەی ڕاستەوخۆ" دژ بە کۆماری ئیسلامی لە پێشینەی کارەکان دابنرێت.
ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی یەکشەممە بانگەشەی ئەوەی کرد کە کۆماری ئیسلامی هێزی بە وەکالەتی نییە. خامنەی وتی ئەو هێزانە بە باوەڕ و هێزی خۆیانەوە دەجەنگن.
نەتانیاهو لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆیی کە دوای کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنی ئیسرائیل بڵاویکردەوە وتی: هەروەک چۆن ئێمە بە توندی لە دژی باڵی تیرۆریستی میحوەرە خراپەکەی [مقاوەمە]ی ئێران مامەڵەمان کرد، بە هێز و ئیرادە و وردبینییەوە دژی حوسییەکان مامەڵە دەکەین.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، زۆربەی فەرماندەیی باڵای هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل پێیان وایە پێویستە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر خودی ئێران "لەناوخۆی وڵاتەکەدا".
هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل سەرنجی لەسەر ڕێگاکانی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکان بووە کە ئێران پشتیوانییان دەکات.
کەناڵی ١٢ ڕایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی ئیسرائیلدا، باس لەوە کراوە کە لایەنی ئێرانی پێی وایە؛ ئیسرائیل بۆیە ئاگربەستەکەی لە باکووری وڵاتەکەی لەگەڵ حیزبوڵڵا قبوڵ کردووە، تاوەکو دەستی واڵا بێت و بتوانێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی ئێران بکەوێتە دژایەتییەوە و بەهایەکی قورسیان بەسەردا بسەپێنێت.
کەناڵی 12 دەشڵێت، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان پێیان وایە کە ڕژێمی ئێران بەچەند هۆکارێک نیگەرانی هێرشی ئیسرائیلە، لەوانە؛ سیستمی بەرگری ئاسمانییان لەلایەن ئیسرائیلەوە لەناوچووە، ئەمەش هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ئاسانتر دەتوانێت هێرشبکاتە سەریان، هەروەها بەهۆی ئاگربەست لە لوبنان، کە دەستی ئیسرائیلی زیاتر کردووەتەوە، لەگەڵ هۆکاری هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا، کە ئەمەش ترسی زیاتری خستووەتە دڵی ئێرانەوە. بەتایبەت کە ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا ئەگەری جەنگی لەگەڵ ئێران ڕەتنەکردەوە.
ناتانیاهۆ هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند" هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەرپرسانی ئەو وڵاتەی تووشی سەرسوڕمان کردووە و لەناوبردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانییان لەلایەن ئێمەوە سەرکردەکانی تووشی شۆک کردووە".
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە "هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە ٢٦ی ئۆکتۆبەردا توانای ئێرانی بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی بە توندی لاواز کرد و لە زیندووکردنەوەی ئەو توانایەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووەوە، لە هەمان کاتدا ئیسرائیل توانی تۆڕی پشتیوانی ئێران بۆ هێزە بەوەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا بە توندی لاوازی بکات".
میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی سەرکردایەتی ئیسرائیلدا ڕاگەیەندراوە، ئیسرائیل دەبێت هەموو شتێک بکات بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ سوریا یان لوبنان.
بەڵام شرۆڤەکاران هۆشدارییان داوە لەوەی، ئیسرائیل بۆ ئێستا دەبێت خۆی لە ململانێی درێژخایەن لەگەڵ تاران بەدوور بگرێت، چونکە لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدا نییە، هەرچەندە پێویستە ئیسرائیل لە ڕووی بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی خۆی لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بێت و زیاتر خۆی پێشبخات.