دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

‎چۆن پڕۆژەکەی ئێران 40 ساڵ پاشەکشەی پێکرا؟

هەرێم نیوز

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، تا دێت زیاتر ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەلوپۆ دەخرێت

‎ئەحمەد شەرع سەرکردەی تەحریر شام دەڵێت، دەستکەوتەکانی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان بە کەمترین زیان توانیویانە پڕۆژەی ئێران لە ناوچەکەدا بۆ 40 ساڵ پاشەکشە پێبکەن.

‎پاش ئەوەی ئێران چڵ ساڵە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکداوە و بەردەوام ناوچەکەی خستبووە جەنگەوە، بەرەی مقاوەمەی دروستکرد و ملیاران دۆلاری خەرجکرد، لە ئێستادا تەنیا حوسییەکانی یەمەنی بەدەستەوە ماوە، کە ئەویش ئیسرائیل هێرشی توندی کردووەتە سەری و بەنیازە ئەویش پەکبخات.

‎ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی دوای سەرکەوتنی ئیسرائیل بەسەر حەماس و حیزبوڵڵا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، "ئێران ئامانجی داهاتووی بنیامین نەتانیاهۆیە" و ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی نەکشێتەوە، ئەوە ئەگەری هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە.

‎دوای ڕووخانی ئەسەد، ئەندامانی تیمی ترەمپ بە جددی هەڵسەنگاندن بۆ بژاردە بەردەستەکان دەکەن، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لەوەی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بگات، لەوانەش ئەگەری هەیە هێرشی ئاسمانی پێشوەختە بکرێتە سەر ئێران.

‎ترەمپ کە وەک کەسایەتی ساڵ لە تایم مەگەزین هەڵبژێردرا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەم گۆڤارە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ڕەتنەکردەوە.

‎ئێران کەوتووەتە دۆخێکی سەختەوە و ناچار بەسازشکردن دەکرێت، بەتایبەت کە لە ئێستادا بەرامبەر بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لاواز بووە.

‎ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی پاشەکشە نەکات، ئەوا ئیسرائیل و ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ و نەتانیاهۆ ڕەنگە هێرش بکەن، چونکە ئێستا هیچ شتێک نییە ڕێگرییان لێبکات.

‎لەنوێترین پێشهاتدا

‎دانی دانون، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا بە زمانی فارسی پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی ئێران کرد و وتی: گەلی ئێران، ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە؛ دژی حکومەت هەستنەوە و دڵنیا بن خەڵکی ئیسرائیل پشتیوانتانه.

‎پێشتریش بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا کە ئاراستەی خەڵکی ئێران کردبوو، وتی: داهاتووی ئەم وڵاتە داهاتووی ئازادی، ژیان، کەرامەتی ئینسانی و ئاشتییە و دڵنیایە لەوەی کە ئەم ئایندەیە زووتر لەوەی خەیاڵ دەکرێت ڕوودەدات. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP