هەرێم نیوز
ئەمڕۆ هەینی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر پرسی سووریای نوێ، گەیشتە بەغدا و جەختی لە پاراستن ئاسایش و سەقامگیری عێراق کردەوە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە سەردانەكەی بۆ بەغدا، جەختی لە پاراستن ئاسایش و سەقامگیریی عێراق کردەوە و ئاماژەی بەوە دا: "پێویستە حکوومەتی عێراقیش سەروەریی وڵاتەکەی بپارێزێت و هێزەکانی تۆکمە بکات."
لەبارەی سووریای نوێ، بلینكن ڕایگەیاند: "پێویستە حکوومەتێکی گشتگیر لە سووریا دابمەزرێنرێت کە نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتەکان بکات."
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەسەر چارەنووسی سوریا لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد گەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکەم وێستگەی سەردانەکەشی لە ئوردنەوە دەست پێکرد، ئێوارەی دوێنێش چووە تورکیا و لە فڕۆکەخانەی ئەنقەرە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک كۆماری تورکیا کۆ بووەوە، هەروەها ئەمڕۆ هەینی بەر لەوەی لە تورکیا کۆتایی بە سەردانەکەی بهێنێت، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لەبارەی دۆخی ئێستای سووریا کۆ بووەوە.
بڕیارە سبەی شەممە، لە ئوردن، کۆبوونەوەی فراوانی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، تورکیا، عێراق و وڵاتانی دیکەی عەرەبی، کۆمکاری عەرەبی و نوێنەرانی هەریەک لە ڕێکخراوی یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی ناتۆ بەڕێوە بچێت.