هەرێم نیوز
رۆژنامەى واشنتۆن پۆست لە سەرچاوە تایبەتیەکانى خۆیەوە ئاشکراى کردووە کە (کیێف- پایتەختى ئۆکراین) پێش لە مانگێک لە پەلاماردانى دیمەشق 150 فرۆکەى بێفڕۆکەوان و 20 شارەزاو کارپێکەرى فڕۆکەکانى ناردوەتە ئیدلیبى سوریا.
لە راپۆرتێکى رۆژنامەنووس دەیڤید ئیگناتیۆس دا کە لە واشنتت پۆستدا بڵاوکراوەتەوە دانى بەوەدا ناوە کە هاوکارییەکانى ئۆکراین بۆ ئۆپۆزسیۆنى سوریا کورتان نییە پشتى وشتر بشارێتەوە، بەڵکو نهێنییەکى ئاشکرایە و کێف بەئاشکرا هاوکاریی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى سوریاى کردووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کێف جۆرە فرۆکەیەکى بێفڕکەوانى داوە بە ئۆپۆزسیۆن کە تواناى وێنەگرتنى ڤێدیۆیی هەیە، کە بە گوێرەى ئاڕاستەکردنى بەکاربەرەکەى کاردەکات و جۆرەکەى (First Person View (FPV)) ـە و لەگەڵ فڕۆکەکانیشدا 20 کەسى شارەزاو بەکاربەرى ناردوەتە هاوکاریی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، بۆ ئەوەى لە لایەکەوە خۆیان کاریان لەسەر بکەن و لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە ئەندامانى ئۆپۆزسیۆن فێری بەکارهێنانى بکەن.
بەگوێرەى بەدواداچونێکى ئاژانسی -نۆڤۆستى- ئەو فێرکارە ئۆکرانیانە هەستاون بە راهێنانى ئەندامانى ئۆپۆزسیۆنى سوریی، بەتایبەتى ئەو درۆنانەى کە بە خۆکوژ ناوبانگیان دەرکردووە، یەکێک لەو کەسانەى کە پەیوەندییەکانى نێوان ئۆپۆزسیۆن و ئوکراینى ئاشکرا کردووە بۆ رۆژنامەکە کەسێک بووە کە هەیئەى تەحریری شام جیابووەتەوە و جەختى کردوەتەوە کە کیێف راهێنان بە ئۆپۆزسیۆنى سوری دەکات لە سەر چۆنیەتى بەکارهێنانى فرۆکەى بێفرۆکەوان.
نوێنەرى تایبەتى روسیاش لە سوریا ئەلکسەندەر لافرینتیڤ جەختى کردووتەوە کە مانگی رابوردوو زانیارییان هەبووە کە هەواڵگریی ئۆکراین لە سوریا بینراون و پەیوەندییان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنى ئەو وڵاتەدا هەبووە.
لە لایەکى تریشەوە ئیبراهیم رەزایی گوتەبێژی لیژنەى ئاسایشى نیشتمانى و سیاسەتى دەرەوە لە پەرلەمانى ئێران رایگەیاندووە کە حکومەتى ئۆکراین فرۆکەى بێفڕۆکەوانى زۆری داوە بە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانى سوریا و دەبێت کێفیش بەشێک لەو تاوانانە هەڵبگرێت کە دەستى هەبووە لە گۆڕانکارییەکانى ئەم دواییەى سوریادا.