هەرێم نیوز
محەمەد عەلى حوسەینى، توێژەری ئیسلامی شیعە مەزهەبی لوبنانى و هەڵگری رەگەزنامەى سعودییە و ئەمینداری گشتى ئەنجومەنی ئیسلامی عەرەبی لوبنان، خاوەنى حەفتا کتێبە لە بوارە فیکری و سیاسى و ستراتیژییەکاندا، لە دایکبووى 1974ـى لوبنانە، یەکێکە لەوانەى بانگەوازی یەکڕیزیی نێوان شیعە و سوننە دەکات و ژمارەیەک لە کتێبەکانى بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردووە، لەوەش زیاتر باس لە نزیکبوونەوە ئایینەکانیش دەکات و لەوبوارەدا کۆمەڵێک بۆچوونى تایبەتى هەیە کە دەڵێت: نابێت راجیاوازە فیقهییەکان کاریگەریی لەسەر فیکر و ستراتیژییەتى ئاینەکان بکات، هەرچەندە لە سەرەتاوە پشتیوانى لە سیاسەتەکانى حیزبوڵڵاى لوبنان کردووە، بەڵام دواتر هەڵگەڕاوەتەوە لێیان و لە هەندێک هەڵوێستدا لە دژیان وەستاوەتەوە، هەربۆیە حیزبوڵڵاى لوبنان هەندێک جار بە لایەنگری ئیسرائیل و بگرە وەک سیخوڕیش وێنایان کردووە و تەنانەت داویانەتە دادگا و هەوڵى کوشتنیشیان داوە، بۆیە بە ناچاریی داواى رەگەزنامەى لە سعودیە کردووە.
ساڵی 2012 لە دادگایەکى سەربازی لوبناندا پێنج ساڵ زیندانى کراوە، دادگاکە تاوانى سیخوڕیکردنی بۆ ئیسرائیلى کردووەتە بیانوو، بەڵام ئەو رەتیکردوەتەوە و گوتویەتى دادگایکردنم سیاسییە و بۆ رازیکردنى ئێرانیەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا تاوانى وێرانەکانى غەزە و لوبنانى خستووەتە ئەستۆی بەرەى مەقاوەمە و گوتویەتى ئەگەر ئەوان دەستپێشخەرییان نەکردایە ئەوەى ئێستا هەیە رووى نەدەدا، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە سەرەتاى جەنگەکەوە پێشبینى کوژرانى سەرکردەکانى کردووە لەوانەش حەسەن نەسروڵاى ئەمینداری حیزبوڵڵاى لوبنانى و ماوەیەک پێش لە ئێستاش بە ئاشکرا لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند کە دەبێت بەشار ئەسەد خۆی کۆبکاتەوە و وەسیەتەکانى خۆی بنوسێت، چونکە رۆڵەکەى کۆتایی هاتووە، لە ئێستاشدا هەمان دەستەواژەی بۆ گروپە شیعیە چەکدارەکانى عێراق دووپاتکردوەتەوە و پێى گوتوون: گروپە چەکدارەکانى عێراق خۆتان کۆبکەنەوە، وەسیەتەکانتان بنوسن، نۆرەتانە.
ئەو یەکێکە لەو توێژەرە بەناوبانگانەى شیعەکان کە لە عەرەبستانى سعودییە مافى هاووڵاتیبوونى وەرگرتووە و بە پێچەوانەى بیروباوەڕی شیعەکانەوە دەدوێت و بە گەورەییەوە باس لە جێنشینەکانى پێغەمبەرى ئیسلام (د.خ) دەکات و دەڵێت ئەبوبەکرو عومەر و عوسمان پێ بە پێ لەگەڵ پێغەمبەر بوون و ژن و ژنخوازییان لەنێواندا هەبووە، لەکاتى پێدانى رەگەزنامەى سعودییەدا سوێندى خواردووە کە دڵسۆزبێت بۆ پادشاى ئەو وڵاتە و بەو پەڕی تواناى خۆیەوە خزمەتى شانشینى عەرەبستانى سعودییە بکات.
ئەو لە کۆتا پەیامیدا لە تۆڕى ئێکس نوسیویەتى ئەرکی من ئامۆژگارییە، ئەوەى من دەیبنم ئێوە نایبینن، ئەوەى من دەیبیستم ئیوە نایبیستن، داواشى کردووە لە عەلەویی و شیعەکانى سوریا تا دەتوانن بچنە ناوچە شیعەنشینەکانى لوینان و تا پێیان دەکرێت لەوێ بمێننەوە تا ئەوکاتەى کە حکومەتێکى بەهیز لە سوریا دروست دەبێت و گوتوویەتى ئەرکی لوبنانیشە ئاسانکارییان بۆ بکات.